رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پلاندانانی عێراق رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە نیشاندا. وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و برەودانە بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا. تاکە نوێنەرەکەی کوردی سنوورەکە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە داوە.
ناحیەی قەرەتەپە، ناوچەیەکی کوردستانییە و سەر بە قەزای خانەقینە.
سۆزان مەنسوور، نوێنەری خانەقین لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە رەتدەکەینەوە، رێکاری پێویست دەگرینەبەر و تانەی لێدەدەین".
هەر لەوبارەوە، ئەوس مەهداوی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە رووداوی گوت: "بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە رەتدەکەینەوە و سیاسییە، دەکەوێتە چوارچێوەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق و نابێت دەستکاری بکرێت".
بەگوتەی ئەوس مەهداوی، ناحیەی قەرەتەپە هێشتا تایبەتمەندیی بەقەزابوونی تێدانییە، ژمارەی دانیشتووانەکەشی لە 400 هەزار تێپەڕ ناکات، تاوەکو بێتە قەزا، بەڵام وەزیری پلاندانان، وەک کارێکی سیاسی ئەوەی کردووە، چونکە ئەوەی ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەکەیە لە رووی سیاسییەوە سەر بە ئەوە، ئەو کارەش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت، بۆیە بڕیارەکە پووچەڵە و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر و ئەو هەوڵە رەتدەکەنەوە.
محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانی عێراق، خەڵکی حەویجەیە و عەرەبێکی سوننەیە، سەر بە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە، فەرمانگەی گەشەپێدانی هەرێمی و خۆجێی لە وەزارەت لێکۆڵینەوەی پێویستی لەسەر راپۆرتی تەکنیکی و سوودی ئابووریی پڕۆژەکە تەواو کردووە و دڵنیابوونەتەوە، کە لەگەڵ پێوەرە ستانداردەکانی پلانداناندا دەگونجێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان پێیوایە، بەقەزاکردنی قەرەتەپە "یارمەتیدەر دەبێت لە وەبەرهێنانی تواناکانی ناوچەکە، زیادکردنی داهات، رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان."
هینداوی هۆکارێکی دیکەی بڕیارەکەی روونکردنەوەو و گوتی: "سێ ناحیە هەبوون کە بە هیچ قەزایەک نەبەسترابوونەوە، ئەوانیش قەرەتەپە، جەبارە و کۆکس بوون، ئەمەش وایکرد پێویست بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی قەزا بکات بۆ رێکخستنی ئیداریی ناوچەکە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، قەزا نوێیەکە و ناحیەکانی بەم شێوەیە لە سیستمی یەکە ئیدارییەکانی عێراقدا تۆمارکراون:
• قەزای قەرەتەپە: کۆدی ئیداری (2109)
• ناحیەی جەبارە: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21092)
• ناحیەی کۆکس: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21093)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ