پەرلەمانتارێکی عێراق: ئاماژەی ئەرێنی بۆ لابردنی گەمارۆی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەیە

02-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا تیمێکی راسپاردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن وڵاتەکەوە خراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی. راشیگەیاند، "ئاماژەی ئەرێنی" بۆ لابردنی گەمارۆکە هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە، 2025-07-02 کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تیمێکی بۆ پەیوەندی و گفتوگۆکردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت راسپاردووە، بۆ چارەسەرکردن و هەڵسەنگاندنی قەدەخەکردنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا، دواتر ئەو تیمە هەڵسەنگاندنەکە بە ئەردۆغان دەدەن".
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە "ئاماژەی ئەرێنی هەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان" و گوتی، "ئەگەر پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا باشبێت، ئەوا گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە، چونکە فڕۆکەخانە بەشێکە لە پەیوەندییەکانیان".
 
دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. کاروان یاروەیس ئەندامی شاندەکەی پەرلەمانی عێراق بوو.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، "پەیوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ تورکیا ئێستا هەنگاو دەنێت بۆ قۆناخێکی باشتر و خەریکە ئاسایی دەبێتەوە".
 
لە 03-04-2025ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
 
دوایین جار 06-01-2025، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تورکیا قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە، تاوەکو 06-07-2025 درێژکردەوە".
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە تورکیا قەدەخەی گەشتەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژ دەکاتەوە یان نا.
 
لەبارەی هۆکاری قەدەخەکە پێشتر تورکیا رایگەیاندبوو چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە، گوایە ئەو رێکخراوە دزەیکردووەتە نێو فڕۆکەخانە "ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.