لایەنە پەیوەندیدارەکان: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل 61 کەس لە کرماشان و 6 کەس لە سنە کوژران

02-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی نوێترین ئامار، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 61 کەس لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران و 532 کەسیش بریندار بوون؛ لە پارێزگای سنەش 6 کەس کوژراون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی تەمموزی 2025، خەسرەو شەهیدی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری شەهیدانی پارێزگای کرماشان ئاماری کوژراو و بریندارانی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلی لەو پارێزگایە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل 61 کەس لە پارێزگای کرماشان کوژران و 532 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
خەسرەو شەهیدی گوتی، لە شاری کرماشان 31 کەس، لە هەرسین 7 کەس، لە کەنگاوەر 6 کەس، لە سەحنە 5 کەس، لە سونقور 4 کەس، لە ئیسلامئاوای رۆژئاوا 4 کەس، لە سەرپێڵی زەهاو 2 کەس و لە گیەڵان 2 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژران. 
 
بە گوتەی خەسرەو شەهیدی، سێ خێزان لە پارێزگای کرماشان دوو کەسیان لێ کوژران، خێزانێک دوو منداڵی دووانەیان کوژرا، دایكێکیش لە گەڵ منداڵە 6 ساڵانەکەی کوژرا.
 
لە پارێزگای سنە 6 کەس کوژران
 
هاوکات عەلی ئەکبەر وەرمەقانی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، ئیسرائیل لە 12 رۆژی جەنگەکەدا هێرشی کردە سەر چوار شاری پارێزگاکە.
 
عەلی ئەکبەر وەرمەقانی گوتی، شارەکانی سەوڵاوا، مەریوان، بیجار و بانە لەو رۆژانەدا 9 جار هێرشیان کرایە سەر.
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 6 کەس لە پارێزگاکە کوژران کە چواریان سەرباز بوون و دوو کەسی دیکەش هاووڵاتی سڤیل بوون.
 
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە هێرشی مووشەکی و درۆن وەڵامی دایەوە. 
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی کە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، 935 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژران کە لە نێو کوژراوەکاندا 38 منداڵ و 102 ژنیش هەن؛ هەروەها پێنج هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.