رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هیچ بڕیارێکی کۆنکرێتی لەبارەی مووچە نەدرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی وەڵامی محەممەد شیاع سوودانی دەکات لەبارەی ئەو پێشنیازانەی لە دانوستاندنەکان باسکراون. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سوودانی چاوەڕێی بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵا دەستی کەوتووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیاردراوە تاوەکو وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەردەگرن، هیچ شاندێکی هەرێمی کوردستان نەچێتەوە بۆ بەغدا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشكێشی دەکات گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی بەغدا رازی بوو و پێش ئەوەی شاندەکەی هەرێمی کوردستانیش بگەڕێتەوە، رێککەوتن کرا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق و د. فوئاد حوسێن لەسەر هێڵ بوون بە ئاگاداری لایەنی سێیەم کە ئەمریکا بوو، چونکە کۆمپانیاکانی نەوت زۆربەیان ئەمریکین".
سەبارەت بە بەشداریکردنەوەی وەزیرەکانی پارتی لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، شێروان دووبەردانی گوتی: "بڕیاربوو پارەی مووچەی مانگی 5 بنێردرێت کە واژۆیەکی تەیف سامی ماوە، بەڵام دواتر بەغدا پەشیمان بووەوە. سوودانی گوتویەتی، دەبێت بگەڕێتەوە بۆلای سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی".
لەبارەی داواکارییەکانی بەغدا و رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رادەستکردنی داهاتەکەی بە سۆمۆ، رادەستکردنی 50%ی داهاتە نانەوتییەکان، جێبەجێکردنی تەواوی پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ بەبانکیکردنی مووچە و پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، لە گفتوگۆکان باسکراون و هەرێمی کوردستان رەزامەند بووە".
دووبەردانی گوتی: "بڕیاربوو لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق دەستبەجێ مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران بنێرێت و لەگەڵ یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیش، مووچەی مانگی حوزەیران خەرج بکات."
شێروان دووبەردانی رایگەیاند، گەڕانەوەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ لای سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی "دەیسەلمێنێت کە بڕیاری راگرتنی مووچە 100% سیاسییە" و گوتی: "ئێستا بڕیارەکان نە بە دەستوور و نە بە یاسان، بەڵکو لەلایەن سەرکردەکانی شیعەوە دەدرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا مووچە وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت."
لە 25ی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ی شوباتەوە چووەتە واری جێبەجێکردن، بۆئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
پرسی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەستراوەتەوە بە پرسی نەوت، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی مانگێک بنێردرێت تاوەکو دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوت.
رۆژی 28ی ئایاری 2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بە پاساوی تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجەدا و رادەستنەکردنی تەواوی داهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ