به‌هۆی ئاسه‌واری لێدانی جه‌سته‌مه‌وه كه‌س نهیدهكڕیم، چه‌كدارێكى كورد هات بمكڕێ، به‌ڵام په‌شیمان بووه‌وه
چیرۆكى 26
هه‌ڵاتنی هه‌دیه، وه‌ك راكردن بوو به‌ره‌و تونێلێك كه ئه‌وسه‌ری دیار نییه. چه‌كداره‌كان به‌بێ ماندووبوون ده‌ستگیریان كردبوو. خراپتر له‌وه‌ش گێڕایانه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی. ئه‌بوو مجحه‌لی تووڕه و تۆسن، قایشه‌كه‌ی ده‌ستی له جه‌سته‌ی ئه‌ودا گه‌رم داهێنا. هه‌دیه، له‌گه‌ڵ ئێش و ژانی لێدان و كوتان راهاتبوو. هێشتا دڵخۆشیش بوو به‌وه‌ی فریا كه‌وتووه كچه ته‌مه‌ن دوو مانگه‌كه‌ی له‌سه‌ر فه‌رشه تۆزاوییه‌كه دابنێ، بۆ ئه‌وه‌ی كێبڵه‌كان وه‌ك ره‌شمار به‌ده‌وری جه‌سته لاوازه‌كه‌ی ئه‌ویشدا پێچ نه‌خۆن.
ئه‌بوو مجحه‌ل: كێ هاوكاریی كردیت و پلانی بۆ دانای هه‌ڵبێی؟
هه‌دیه: بۆخۆم هه‌ڵاتم. له‌ده‌ست زوڵمی تۆ هه‌ڵاتم.
ئه‌بوو مجحه‌ل: ده‌بێ تۆبه بكه‌ی.
هه‌دیه: ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ش هه‌لم بۆ بڕه‌خسێ هه‌ڵدێم. هه‌زار جاری دیكه‌ش. ده‌مه‌وێ رزگارم ببێ. رزگاربوون ده‌كڕم، ئه‌گه‌ر نرخه‌كه‌ی به رۆحی خۆشم بێت.
ئه‌بوو مجحه‌ل: هه‌ی سۆزانی له‌شفرۆش، له‌من هه‌ڵدێی؟
هه‌دیه: هه‌ر له تۆنا. له هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه سبه‌ی و دوو سبه‌ی منیان پێده‌فرۆشی. ئێوه هه‌مووتان وه‌كو یه‌كن. ژیانی من و هه‌زارانی وه‌ك منتان وێران كرد. بۆ نامكوژیت و رزگارم بكه‌ی؟
هه‌دیه: مریه‌م وه‌ره با رابكه‌ین.
مریه‌م: دانیشه هێشتا ئاسه‌وارى كێبڵه‌كان له‌سه‌ر جه‌سته‌ت دیاره.
به‌ڵام هه‌دیه سووربوو له‌سه‌ر هه‌ڵاتن.
"جل و پێویستیی منداڵه‌كانمان پێچایه‌وه و له ماڵى ئه‌بوو مجحه‌ل ده‌رچووین. له ده‌رگاى ماڵێكمان دا و هه‌موو شتێكمان بۆ باسكردن، به‌ڵام خاوه‌ن ماڵه‌كه گوتى ناتوانین بتانحه‌وێنینه‌وه، بچنه گه‌راجى حه‌سه‌كه. كرێى ئۆتۆمبێل و هه‌ندێك خواردنیشى پێداین".
من و فڕۆكه‌كان
"باشه به شوفێرى ته‌كسییه‌كه بڵێین بۆ كوێمان بباته‌وه؟". هه‌دیه چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ی له مه‌ریه‌م پرسی، به‌ڵام مه‌ریه‌م چی بڵێ؟ هه‌دیه ده‌ڵێ "مه‌ریه‌م عه‌ره‌بی ده‌زانی، قسه‌ی له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كه كرد و داوای لێ‌كرد شه‌و بمانباته‌وه بۆ ماڵی خۆی، گوتی ئێمه خه‌ڵكی حه‌سه‌كه‌ین و ئۆتۆمبیل نه‌بووه بمانباته‌وه".
شۆفێره‌كه رازى بوو. ئه‌و شه‌وه‌یان به‌بێ ترس له ماڵى شوفێرى تاكسییه‌كه به‌سه‌ربرد. به‌یانى زوو ئه‌وانى برده گه‌راج، به‌ڵام پێده‌چوو شوفێره‌كه زۆر له‌وه زیره‌كتر بێ كه دوو ژنى رفێندرا‌و بتوانن بیخه‌ڵه‌تێنن. هه‌دیه ده‌ڵێت: "نازانم ئه‌و هه‌واڵی دابوو به داعش یان نا، بینیمان چه‌كداری داعش به جلی مه‌ده‌نییه‌وه له‌وێ وه‌ستابوون و بانگیان كردین".
هه‌ر له گه‌راجه‌كه سوارى ئۆتۆمبێلێكیان كردن، ئۆتۆمبێله‌كه تاوه‌كو به‌ر ده‌رگاى ماڵى ئه‌بوو مجحه‌ل نه‌وه‌ستا. هه‌دیه چاوه‌ڕێ بوو ئه‌بوو مجحه‌ل به كبڵێكه‌وه چاوه‌ڕێى بكات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به پێچه‌وانه‌ى جارى رابردوو هیچى پێنه‌گوتن، ته‌نیا خوێنساردانه ئاگاداری كردنه‌وه كه ده‌یانفرۆشێ. دواى نیوه‌ڕۆ مریه‌مى فرۆشت. رۆژی دواتر هه‌دیه‌ى به چه‌كدارێكى میسرى فرۆشت به‌ناوى ئه‌بوو حه‌مزه‌ى میسرى.
ئه‌بوو حه‌مزه نه‌یده‌ویست له‌گه‌ڵ هه‌دیه بمێنێته‌وه، به‌ڵكو ئامانجى ئه‌وه بوو پاره‌ى لێ ده‌ستكه‌وێ، كه‌چى هه‌دیه مایه‌ى خۆیشى نه‌ده‌كرده‌وه. دواجار میسرییه‌كی دیكه به‌ناوی ئه‌بوو عه‌لا ئه‌وی كڕییه‌وه و له‌نێو ماڵێكدا ده‌رگای له‌سه‌ر داخست.
"تۆ منت به ته‌واوی كوشت؟ ببینه، هێزی ئه‌وه‌م نه‌ماوه خۆم به‌پێوه رابگرم. ده‌ته‌وێ به‌و شێوه‌یه من بكوژی؟". ئه‌بوو عه‌لا نه‌یده‌ویست هه‌دیه له‌وه زیاتر بڵێ "سبه‌ینێ ده‌چینه گوندێك. ماڵێك هه‌یه خاوێنی بكه‌ره‌وه. له‌وێ بۆردومان كه‌متر هه‌یه".
له ته‌نیشت فورات
ژیانى هه‌دیه و منداڵه‌كه‌ى له‌و خانووه‌دا جه‌هه‌ننه‌مێك بووه بۆ خۆى، ته‌نانه‌ت ئاوه‌كه‌شى به كه‌ڵكى خواردنه‌وه نه‌هاتووه. شیرى مه‌مكه‌كانى هه‌دیه به‌شى تێربوونى منداڵه‌كه‌ى نه‌ده‌كرد. هه‌دیه هه‌ندێك شه‌ربه‌ت ده‌دۆزێته‌وه و ده‌یداته منداڵه‌كه‌ى.
چه‌كدارێكی داعش له هه‌دیه ده‌ركه‌وت پێی‌گوت من له‌لای ئه‌بوو عه‌لاوه هاتووم. پاشان هه‌ندێك شه‌ربه‌تی دایه هه‌دیه تاوه‌كو بیداته منداڵه‌كه‌ی.
رۆژی پاشتر ئه‌بوو عه‌لا په‌یدا بوو، به‌ڵام ناوی خۆی گۆڕیبوو به عه‌بدولسه‌لام و هه‌دیه‌ى برده‌وه بۆ ره‌ققه. عه‌بدولسه‌لام به هه‌دیه‌ی گوتبوو كه بیر له فرۆشتنی ده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌و ده‌چێت بۆ عێراق، به‌ڵام هه‌دیه تكای لێ‌كرد نه‌یفرۆشێ و له‌گه‌ڵ خۆی بیباته‌وه بۆ عێراق. له‌و بڕوایه‌دابوو به گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق هه‌رنه‌بێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌دۆزێته‌وه په‌یوه‌ندی به كه‌سێكه‌وه بكات تاوه‌كو پێى بڵێ من ماوم.
گه‌یشتنه‌وه مووسڵ و له میوانخانه‌یه‌ك له ته‌نیشت روباری دیجله گیرسانه‌وه. میوانخانه‌یه‌ك كه تژی بوو له چه‌كدار و خه‌ڵكی ئاسایی. له پێنجه‌مین رۆژی مانه‌وه‌یان له میوانخانه‌كه‌دا، عه‌بدولسه‌لام پیاوێكی كه‌ته‌ی ره‌شتاڵه‌ی عه‌گاڵ به‌سه‌ری له‌گه‌ڵ خۆی هێنایه‌وه. پیاوه‌كه داوای له هه‌دیه كرد چارشێوه‌كه‌ی لابدات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بیبینێ. تووڕه‌یی له چاوه‌كانی هه‌دیه ده‌باری: "تۆ كارت چییه به روخساری من؟" پیاوه‌كه پێده‌كه‌نێ و داوا ده‌كات له‌گه‌ڵی بچنه ماڵه‌كه‌ی. ناوی به‌شیره و له سعودییه‌وه هاتووه و پاشناوه‌كه‌شى جزراوی.
داعشێكی كورد نه‌یویست
"كه‌سێكی هێنایه سه‌یركردنم و نه‌یكڕیم. كه‌سی دووه‌م كوردێكی سۆرانی بوو، به كوردی هه‌ندێك قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و ئه‌ویش نه‌یكڕیم، پاشان كه‌سێكی عێراقی هات ناوی عه‌لا بوو، منی كڕی و بردمیه باره‌گایه‌ك كه سێ كچی دیكه‌ی ئێزدی لێ‌بوو: لوبنا، نازۆ و سیڤانا، ته‌واوی چیرۆكی خۆیان گێڕایه‌وه. كاتێك عه‌لا هاته لام و جله‌كانی لابردم، جه‌سته‌ی منی بینی شین و ره‌ش ببووه‌وه، گوتی من تۆم ناوێ.
"كه‌س تۆی ناوێت و ده‌تده‌مه‌وه ئه‌و پیاوه‌ی له سوریاوه تۆی هێنا"، به نه‌رمی تكای لێ‌كرد وانه‌كات و بیهێڵێته‌وه "لای تۆده‌مێنمه‌وه و هه‌موو كارێكت بۆ ده‌كه‌م ته‌نیا سه‌رجێیم له‌گه‌ڵ مه‌كه". به‌ڵام له‌و ماڵه‌دا گوێیه‌ك نه‌بوو بۆ بیستنی ئه‌و تكایانه.
دوای دوو رۆژ عه‌بدولسه‌لام ئه‌وی برده شوقه‌یه‌ك و 3 رۆژ له‌وێ مانه‌وه. به‌ڵام له‌ناكاو فڕۆكه‌یه‌ك شه‌ش بۆمبى بارانده سه‌ر ناوچه‌كه، ناوچه‌كه له دووكه‌ڵ و ته‌پوتۆزدا ونبوو.
ته‌نیا ترووسكاییه‌ك كه هه‌دیه توانی بیبینێ رۆشنایی شاشه‌ی مۆبایله‌كه‌ی عه‌بدولسه‌لام بوو: "من وامزانی ئه‌و مردووه، به‌ڵام كه نزیك بوومه‌وه بینیم ده‌جوڵا، هه‌رچۆن بوو به‌دوای رووناكیی مۆبایله‌كه‌دا چووینه ده‌ره‌وه. له‌وێ چه‌ند لاشه‌یه‌كم بینین".
ئۆتۆمبیلێك ئه‌وانی گه‌یانده نزیكترین نه‌خۆشخانه. دواى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر، عه‌بدولسه‌لام، هه‌دیه و كچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برده نێو ماڵێكی تێكڕژاو، خاوێنیان كرده‌وه بۆ دوو رۆژ مانه‌وه.
كوڕه‌كه‌م نامناسێته‌وه
یه‌كێك له‌وان پێشنیاری كرد بچینه گوندی كه‌سرا. له ماڵێك كه دوو پیاوی لێ‌بوو، عه‌بدولسه‌لام فرۆشتنی هه‌دیه‌ى وه‌ك پێشنیار خسته به‌رده‌م یه‌كێكیان. هه‌دیه به پاڕانه‌وه‌وه به عه‌بدولسه‌لامی گوت بمكوژه، به‌س مه‌مفرۆشه.
له‌و ماڵه‌دا دیمه‌نێك تووشى شۆكى كرد كه به‌رگه‌ى سه‌یركردنى نه‌ده‌گرت. منداڵێك له به‌رده‌رگای حه‌وشه‌كه‌یه. فڕێدراوه‌ته نێو جلوبه‌رگی ره‌شی داعشانه و كز و بێده‌نگ له به‌رده‌می خۆی راده‌مێنێ. هه‌دیه لێی ده‌ڕوانێ و ئه‌ویش چاوه‌كانی له روخساری ژنه‌دا چه‌قیون. له‌پڕ ناڵه‌یه‌ك له هه‌ناوی هه‌دیه‌وه دێ "ئه‌وه كوڕه‌كه‌مه، ئه‌وه خۆشه‌ویست و دڵی دوورخراوه‌ی منه" باوه‌ش به‌یه‌كدا ده‌كه‌ن و هه‌دیه هه‌مان دایكی جارانه، به‌ڵام كوڕ، وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌كانی به ڕه‌گه‌وه هه‌ڵكێشرابێت، نه بۆنی دایكی ده‌كات و نه زمانی كوردیشی له‌بیرماوه.
"فرمێسكه‌كانم جوڵاندیان و هات ده‌سته‌كانمی ماچ كرد. داوای لێكردم نه‌گریم. زۆر به‌وه دڵخۆش بوو كه خوشكێكی هه‌یه، به‌ڵام نه‌یانهێشت له‌وه زیاتر له‌لام بمێنێته‌وه و بردیان".
له‌و ماوه‌یه‌دا دوو جاری دیكه‌ش چاوی به كوڕه‌كه‌ی كه‌وته‌وه "به‌ڵام نه‌یانده‌هێشت دوو به دوو بمێنینه‌وه و قسه بكه‌ین".
+ ئاخر من زۆرم په‌له‌یه رزگارم ببێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ