رووداو دیجیتاڵ
فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی بەهەر هۆکارێک ناویان تۆمارنەکردووە و بەشەخۆراکیان بڕدراوە، کارا کرایەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، هەر زیادکردنێکی ناو شەش هەزار دیناری پێویستە.
بەگوێرەی نوێترین ئامار، زیاتر لە 294 هەزار هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕاوە.
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی وەک گەشتیار لە دەرەوەی وڵات بوون، یان بە هەر هۆکارێکی دیکە خۆیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار نەکردبوو، ئەپلیکەیشنەکە کاراکراوەتەوە و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن".
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی گوتی: "ئێستا بۆ چاککردنی ناو یان ئەوانەی ناویان تۆمارنەکردووە بۆ هەریەکەیان دەبێت شەش هەزار دینار لە رێگەی ڤیزە کارتەوە بدەن، چونکە بێبەرامبەر کۆتاییهاتووە".
ئاراس محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا بۆ چاککردنی ناو یان ئەوانەی ناویان تۆمارنەکردبوو بۆ هەریەکەیان 11 هەزار دینار وەردەگیرا، دواتر کرایە شەش هەزار دینار؛ گوتیشی: "هەرکەس خۆی تۆمار بکات، بەشەخۆراکی مانگانەی بۆ دەگەڕێتەوە".
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ، هەروەها هەموو ئەو خێزانە نوێیانەی دروستبوون، نەیانتوانیوە ببنە خاوەن فۆرمی خۆراکی تایبەت بە خۆیان بۆ بەشەخۆراکی مانگانە؛ هاوکات گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ تاوەکو ئەمڕۆ کارا نەبووە. بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ روون نییە کەی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکرێنەوە".
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات، جارێکی دیکە 10-11-2025 فۆرمەکە بۆ 10 رۆژ بێبەرامبەر کارا کرایەوە و دواتر داخرایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان 93.91%ـی هاونیشتمانیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکدا خۆیان تۆمارکردووە کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 94.14%ـی دانیشتووان، سلێمانی 93.68%، دهۆک 93.67% و لە هەڵەبجەش 96.80%ـی دانیشتووانەکەی خۆیان تۆمار کردووە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ