رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوی بۆ فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک کردووە بۆ چۆڵکردن و رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایانەی لە هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، "بارەگاکانمان داگیراکراون و هیچ ئاسۆییەک نییە کە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک".
نەجوا کاکەیی، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە، 02-08-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک کردووە و تێیدا داوای چۆڵکردن و رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایانەی کردووە کە لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان بەسەر داگیراوە. فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووکیش گشتاندنی بۆ سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی پۆلیسی کەرکووک کردووە".
نەجوا کاکەیی کە پەرلەمانتارای فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت، ئەو بڕیارە بەشێکە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی و ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت هەموو ئەو بارەگایانە رادەستی پارتەکان بکرێنەوە کە لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان بەسەر داگیراوە.
هەر لەوبارەوە، د. محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و گشتاندنەکەی پۆلیسی کەرکووکین. یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، چۆڵکردنی بارەگا داگیراوەکان و رادەستکردنەوەیانە کە لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە داگیرکراون". گوتیشی،"لەو بارەوە لە شوباتی 2023 سەرۆک مەسعود بارزانی نامەیەکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە".
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک- گەرمیانی پارتی گوتی، "بارەگاکانمان لەلایەن سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبییەوە داگیرکراون و تائێستا چۆڵ نەکراون؛ پێویستە چۆڵبکرێن؛ دەبێت ئازادیی کاری سیاسی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە فەراهەم بکرێت تاوەکو بتوانین بەشێوەیەکی ئازادانە کاری سیاسی خۆمان بکەن".
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەبچێت بە کەرکووکیشەوە. سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بە فەرمی بۆ کەرکووک، د. محەممەد خورشید ئاماژەی بەوەکرد کە "تائێستا بارەگاکانی پارتی داگیرکراون و هیچ ئاسۆیەکی روون نییە کە پارتی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە فەرمی بگەڕێتەوە کەرکووک".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ