رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا کرد. ئەو وەزیرە ئیستۆنییە "ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی و بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە دەربڕی."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-08-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە هاننۆ پیڤکۆر، وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە گفتوگۆ کرا و "جەخت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا کرایەوە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی "گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هەردوولا" گفتوگۆ کرا بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش. لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی "سوپاسی هێزەکانی ئیستۆنیای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە."
وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی و بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە دەربڕی. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ