چارەنووسی مووچەی مانگی 6 و 7 نادیارە؛ 'گوشارێک هەیە بۆ خەرجکردنیان'

02-08-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
لە عێراق مووچەی مانگی 7 دابەشکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان چاوەڕێی مووچەی مانگی 6ـە.
لە عێراق مووچەی مانگی 7 دابەشکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان چاوەڕێی مووچەی مانگی 6ـە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرباری گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7ـی هەرێمی کوردستان نادیارە. جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، "گوشارێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی دوو مووچە هەیە."
 
لیژنەکان راپۆرتی کۆتاییان ئامادەنەکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی بە بەغدای گووتوە بۆ مانگی 6 ئامادەن 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت رادەست بکەن.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەوە رانەگەیەندراوە کە کێشە دروستبووە، رێککەوتنەکە وەک خۆی دیارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت لەگەڵ 120 ملیارەکە ئەگەر سەیری وردەکاریی راپۆرتەکە بکەن لیژنەیەک دروستکراوە بۆ هەڵسەنگاندن رەنگە داهاتی ناوخۆیی وەک ئێستا نەمێنێ و گۆڕانکاری بەسەردا بێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەییان تێدایە نەوتەکە رادەست بکەن، ئەمڕۆش ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا هەبوو، ئەوانیش پێیان وایە نابێت حکومەتی فیدراڵی مماتەڵەی تێدا بکات. گوشارێک هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگەکە." 
 
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان، هەرچەندە حکومەتی عێراق دەڵێت لیکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام شاخەوان عەبدوڵا دووپاتیکردەوە وردەکارییەکان و ناوی ئەو گرووپەی هێرشەکانی ئەنجامداوە لای عێراق هەیە، تەنانەت ئەمریکییەکانیش لێی ئاگادارن.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو هێرشانە گوتی، "ناوەکانمان لایە بە وردەکاری و چ گرووپێک هێرشەکانی کردووە، عێراقیش ئەمەی لایە، ژمارەی ئەو درۆنانەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج لەماوەی چوار رۆژدا لە 14 مانگ تاوەکو 18ـی مانگ 14 دۆرنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون و لایەنی عێراقی و ئەمریکی بە دەقیقی دەزانن لە کوێ ئینتڵاقیان کردووە و بۆ کوێ چوون."
 
بە پێدانی بڕی ئەو نەوتەی ئێستا لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و رادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، لەبەغداوە بریار لە خەرجکردنی مووچە دەدرێت، بەڵام ئەمە تەنیا لەچوارچێوەی قسە دایە و هێشتا عێراق بەفەرمی رەزامەندی نەداوە و هیچ وەڵامێکی کوردستانی نەداوەتەوە. 
 
رائد مالکی، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە بەوە دەدات، "کێشە سەرەکییەکە لە ئێستا دا، نەبوونی نییەت و متمانەیە لەنێوان هەردوو لا، هەروەها نەبوونی شەفافیەتە تاوەکو کێشەکان بخرێنەڕوو و لەسەر بنەمای زانیارییەکان رێککەون."
 
رەتکردنەوەی رێککەوتنەکان لەلایەن هەردوو لا و پابەند نەبوونی هەردوو حکومەت، وایکردووە کێشەکان بەردوام بن. 
 
بەپێی دوایین رێکەوتنی هەولێر و بەغدا، لەبەرامبەر ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەڵام هێرشە درۆنییەکان ئەمەیان تێکدا.
 
عێراق مووچەی مانگی 7ـی بەتەواوی دابەشکردووە، کەچی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی مووچەی مانگی  دان. عێراق دەزانێت هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 230 هەزار بەرمیلی نییە، بەڵام دەڵێت، لەسەر دوایین راپۆرتەکان بڕیار دەدەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.