دەروازەی حاجی ئۆمەران: لە یەک کاتدا 57 زیارەتکار بەڕێدەکەین و 1500 پاس بێ بەرامبەر دەیانگوازنەوە

02-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەکرێت و گواستنەوە و خزمەتگوزارییان بێ بەرامبەر پێشکێش دەکرێت. سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی تێچووەکانیان لە حاجی ئۆمەران لەئەستۆ گرتووە و لە باشماخیش سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پێکهێناوە و نوێنەری بەشێک لە وەزارەتەکانی تێدایە، لەوانەش ناوخۆ، رێگەوبان، دارایی، تەندروستی.
 
ئەمڕۆ شەممە مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 30ی تەمموزەوە هاتنی زیارەتکاران دەستیپێکردووە. چوار وێستگە بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران ئامادە کراوە کە نوێنەری وەزارەتەکانی تێدایە."
 
لە دەروازەکەدا خاڵەکانی پشکنینی پاسپۆرت زیاتر کراون. مەسعود باتێلی دەڵێت، "لە یەک کاتدا 57 زیارەتکار پاسپۆرتیان لێوەردەگیرێت و مۆری هاتنە ژوورەوەیان لێدەدرێت."
 
سەرۆکی لیژنەکە گوتیشی، "ئەم ساڵ بۆ ساڵی چوارەم لەسەریەک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شەو و رۆژ لە هەر چوار وێستگەکەی پشوودان ئامادەن و خزمەتگوزاری پێشکێشی زیارەتکاران دەکەن."
 
هەموو پێداویستییەکانی پشوودان، وەکو خواردن، شەربەت، چاو و ئاو، فێنککەرەوە و ئینتەرنێت بێ بەرامبەر لە وێستگەکان پێشكێشی زیارەتکاران دەکرێت.
 
مەسعود باتێلی گوتی، "لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە بۆ گەڕانەوە، 1500 پاس بۆ زیارەتکاران بێ بەرامبەر دابینکراون، کە تێچووەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتەوە دابیندەکرێت."
 
تیمی فریاگوزاری هاوبەشی هێزە جیاوازەکان لەگەڵ تەندروستی، بەشێوەی 24 کاژێری خراونەتە ئەرکەوە لە هەموو چەند کیلۆمەترێک جارێک تیمێک بۆ رووداوە نەخوازراوەکان جێگیر کراون، کە تیمی فڕۆکەوانی هاتووچۆی هەولێریش ئامادە کراوە بۆ کاتی پێویست.
 
لە دەروازەی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، هاتنی زیارەتکاران دەستی پێنەکردووە، بەڵام ئامادەکارییەکان تەواوکراون.
 
بەرپرسێک لە دەروازەی باشماخ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دووشەممە هاتنی زیارەتکاران دەستپێدەکات. بۆ پێشوازییان خاڵەکانی وەرگرتنی پاسپۆرت زیادکراون و لە چەند شوێنێکیش تاوەکو دەگەنە سلێمانی جێگەی پشوودان دیاریکراوە."
 
لە باشماخیشەوە تاوەکو سلێمانی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکاران ئامادە کراوە. بەگوتەی بەرپرسانی دەروازەکە، تێچووی خزمەتگوزارییەکان لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.
 
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە