رووداو دیجیتاڵ
ئەو وادەیەی بۆ کۆتاییهاتنی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک دیاریکراوە، سبەی یەکشەممە کۆتایی دێت. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، "خۆتۆمارکردن تاوەکو 31ی ئاب بەردەوام دەبێت، بەڵام دواتر بە جۆرێکی دیکە دەبێت."
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرکەسێک ئەمڕۆ و سبەی لە سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک خۆی تۆمار بکات، ئاسایی دەبێت، بەڵام سبەی یەکشەممە دوایین رۆژە."
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو دوایین رۆژی ئەم مانگە ئەپی تۆمارکردنەکە داناخرێت، بەڵام هەرکەس لە 03ی ئابەوە خۆی تۆمار بکات، بەشەخۆراکی یەک مانگی دەبڕدرێت."
بە گوتەی ئاراس محەممەد، لە مانگەکانی داهاتووشدا ئەوانەی تۆمار نەکراون دەتوانن بەڵگە فەرمییەکانیان بخەنەڕوو و خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام وەکو ئێستا بێ بەرامبەر نابێت و دەبێت بڕە پارەیەک بدەن.
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی ئەوەشی گوت، "هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان داوامان کردووە کاتەکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامی فەرمیمان وەرنەگرتووە."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسووڵەی خۆراک بۆ رووداو، بە سیستمە کۆنەکە زیاتر لە 5 ملیۆن و 378 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن، بەڵام تاوەکو پێنجشەممە 31ـی تەممووز، 4 ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەس فۆرمی نوێیان پڕکردووەتەوە.
پڕکردنەوەی فۆرمەکان لە پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر: یەک ملیۆن و 656 هەزار و 633 کەس.
پارێزگای سلێمانی: یەک ملیۆن و 609 هەزار و 358 کەس.
پارێزگای دهۆک: یەک ملیۆن و 361 کەس.
پارێزگای هەڵەبجە: 99 هەزار و 537 کەس.
زیاتر لە دوو ساڵە تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو راگیراوە. بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی تۆمار کە "پێدەچێت مانگی نۆ یان مانگی 10 بێت" هەموو خزمەتگوزارییەکانی فۆرمی خۆراک بکرێتەوە، لە تۆماری منداڵ، گواستنەوەی فۆڕم یان فۆرم بۆ خێزانی نوێ.
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
مانگانە لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ