پارێزگاری هەولێر: پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار جێبەجێ دەکرێت

02-09-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سبەی شاندێک سەردانی شاری ناشڤیڵی ویلایەتی تێنسیی ئەمریکا دەکات و دوای چەند دیدارێک، گرێبەستی دەستەخوشکایەتی لەگەڵ هەولێر واژۆ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 02-09-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکاتی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی گردەڕەشەی گەورە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، گوژمەی پڕۆژەکە لەسەر 15%ی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دابینکراوە.
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر بەغدا دەست بەسەر شایستە داراییەکانماندا نەگرێت، بێگومان ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتییان و لادانی سەرجەم لەمپەرەکانە لەبەردەم ئاوەدانیدا."
 
وەکو پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، زیاتر جەخت لە قیرتاوکردنی شەقامەکان کراوەتەوە و "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکە هەژارنشینەکان کاری لەپێشنەمان بووە."
 
"پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار جێبەجێ دەکرێت"
 
لە وەرزی هاویندا هاووڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، لەوانەش لە بەشێکی هەولێر تووشی گرفتی کەمیی ئاو دەبنەوە.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، قسە لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئیفراز چوار دەکرێت کە بڕیار بوو کۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی جێبەجێی بکات، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی لە ساڵانی رابردوودا جێبەجێکردنی پرۆژەکە دواکەوت.
 
ئومێد خۆشناو لەبارەی وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکە گوتی، "ئێستا لەگەڵ سندووقی قەرزی سعودیە لە گفتوگۆداین و گفتوگۆکانیش بە باشی بەڕێوەچوون. ماوەی چوار رۆژە داواکارییەکە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی ئاراستەی لیژنەی هاوئاهەنگیی نێوان سعودیە و عێراق بکرێت."
 
پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی ئاوی هەولێر دەڵێت، ئەگەر لەو رێگەیەشەوە سەرکەوتوو نەبوون، بە هەر جۆرێکی دیکە بێت پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، ئەو کۆمپانیایەی پێشتر پڕۆژەکەی پێدرابوو (بای وۆتەر)، لێی وەرگیراوەتەوە. ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە. هەموو گرفتەکانی ئاوی هەولێر چارەسەر دەکات."
 
لە هەولێر رۆژانە 575 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێندرێت کە زۆرینەی لە رێگەی بیرەوەیە و بەشێکیشی لە رێگەی ئیفرازەکانەوەیە، کە سێ ئیفراز هەن؛ ئیفرازی سێ لە 24 کاژێردا 187 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێنێت؛ ئیفرازی دوو 60 هەزار مەتر سێجا و ئیفرازی یەکیش 28 هەزار مەتر سێجا ئاو.
 
"شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی ناشڤیڵ دەکات"
 
ناشڤیڵ بە کوردستانی بچووک دەناسرێت، بەهۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری رەوەندی کوردی لە ئەمریکا، لەو شارەدا دەژین کە ژمارەیان نزیکەی 25 هەزار کەس دەبێت. ئەنجوومەنی شاری ناشڤیڵ بە کۆی دەنگ پڕۆژە بڕیارێکی پەسند کردووە بۆئەوەی هەولێر بکاتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی خۆی.
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، سبەی یەکشەممە، شاندێک لە هەولێرەوە سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و کۆمەڵێک دیداریان لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەبێت، کە دوای چەند رۆژ مانەوە، گرێبەستی دەستەخوشکیی نێوان هەولێر و ناشڤیڵیش واژۆ دەکرێت.
 
بەو گرێبەستەش، هەولێر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە تاکە شاری دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ و لە رێگەی ئەو پەیوەندییە نوێیەی نێوانیان، پێکەوەکارکردنیان زیاتر دەبێت، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە، خوێندن و کولتووردا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە