پارێزگاری سلێمانی بۆ پارتی و یەکێتی: کورد بەهۆی ناکۆکیی نێوانتانەوە لە خراپترین دۆخدایە

02-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی پەیامێک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و داوایان لێدەکات، "سبەی نا، هەر ئەمشەو کۆببنەوە." هەڤاڵ ئەبوبەکر بەو دوو حیزبەش دەڵێت، کورد بەهۆی ناکۆکیی نێوانتانەوە لە خراپترین دۆخدایە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا داوای لە پارتی و یەکێتی کردووە کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن و "هەر ئەمشەو کۆببنەوە."
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی ناوخۆ، دۆخی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دنیا، دۆخی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، دۆخی دارایی و ئابووری و بەرهەم و بازاڕ، بژێوی و ژیان و دەرفەتی کار، بایکۆتی دەوام، ناڕەزایەتیی ناوخۆ، پێشمەرگە، هەڵبژاردن، سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵات، ئاسایشی نیشتمانی، گوشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دەهۆڵ و داهۆڵ و دوکەڵی شەڕ، قەوارەی هەرێمی کوردستان، کورد لە شوێنەکانی دیکە "بەهۆی ناکۆکیی ناڕەوای نێوانتانەوە (نێوان یەکێتی و پارتییەوە)، لە خراپترین دۆخدان، چارەسەر و تێپەڕاندنی هەموو ئەمانە و زۆری دیکەش لەمانە؛ پەیوەستن بە کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکانتان و خۆبەدورگرتن لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ پارتی و یەکێتی، هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، "ناکۆکییەکانتان لەسەر هەر شتێک بن؛ لە خەڵک و خاکی کوردستان بەهادارتر نییە، لە پیرۆزیی خوێنی شەهیدان و پاراستنی شکۆمەندیی هاووڵاتییان و سەروەریی ئەم قەوارەیە؛ گرنگتر نین."
 
پارێزگاری سلێمانی داوا لەو دوو حیزبە دەکات، "سبەی نا، ئەمشەو، کۆببنەوە، دوامەکەون، کە دواکەوتن بە هەموومان وردە و پارچەی ئاکامی کارەساتباری ناکۆکییەکانی ئێوەمان بۆ کۆناکرێتەوە." دەشڵێت، "ئەزموونتان لە سەرکەوتن نەکرد، ئەزموون لە شکست بکەن، زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە؛ قازانجە."
 
لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ پارتی و یەکێتی هاتووە، "گوێیەکتان هەبێت بۆ بیستن، چاوێک بۆ بینین، نەک دەستێک بۆ بردن، دەستێک بۆ لەتکردن، پێیەک بۆ دواکەوتن، پێیەک بۆ کەوتن."
 
نووسینەکەی پارێزگاری سلێمانی لە کاتێکدایە، نزیکەی مانگێکە شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆنەبوونەتەوە و دوایین کۆبوونەوەیان 9ی مانگی رابردوو بوو، کاتێک شاندێکی پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە بەغدا بوون، هەر لەوێ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە.
 
دۆخی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە باش نییە و مانگی ئەیلوولە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حوزەیران دوایین مووچە بووە وەریانگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا تۆمەتبار دەکات کە بەگوێرەی یاسای بوجەی عێراق مامەڵە ناکات و پشکی هەرێمی کوردستان نانێرێت، کە 12.67%ـی کۆی بودجەی عێراقە، ئەوە لە کاتێکدایە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە مانگی ئادارەوە راگیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە