رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلوول سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە شاری کەرکووک.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلوولی 2023 فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بە یاوەریی یاریدەدەری سوپاسالار بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی هێزی وشکانی گەیشتە بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک.
سەردانەکە بۆ ئاگاداربوونە لە دۆخی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە کەرکووک.
لەو بارەوە خالید مەفرەجی، یەکێک لە سەرکردەکانی عەرەبی سوننە لە کەرکووک ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئامانجی سەردانی شاندەکە بەدواداچوونی مەیدانییە بۆ داواکاریی خۆپێشاندەرانی کەرکووک کە داوا دەکەن بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان نەکرێتەوە.
لە 27ی ئابی 2023وە لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندانە و نایانەوێت ئەو شوێنە رادەستی پارتی بکرێتەوە.
رۆژی 29-08-2023 سەجاد مەهدی، کەسی یەکەمی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کەرکووک بە پەیامنێری رووداوی گوت، "رێگەکان ناکرێنەوە و داخستنیان لە ئەنجامی تووڕەیی ئێمە بووە و دەمانەوێت بەو شێوەیە دەنگمان بگەیێنین بە حکومەتی عێراق. تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، خۆپێشاندان بەردەوام دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ