رووداو دیجیتاڵ
پێنج رۆژە لە زێی بچووکدا گەڕان بەدوای تەرمی منداڵێک بەردەوامە. باپیری منداڵەکە داوای هاوکاریی زیاتر بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت، "لە ئاوەکەدا سەریم بینی، بەڵام بەهۆی خێرایی ئاوەکەوە دیارنەما. لەگەڵ خۆیدا بردی و نەمدۆزییەوە."
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-08-2023 شەهرام سامی، تەمەن پێنج ساڵان کە لەگەڵ خێزانەکەی بە مەبەستی سەیران چووبوونە سنووری ناحیەی گۆپتەپە لە ئاوەکەدا خنکا.
سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە، چەمچەماڵ و دووکان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمی ئەو منداڵەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
سامی، باپیری شەهرامە و دانیشتووی چەمچەماڵە. ئەو ئەمڕۆ شەممە 02-09-2023 لەبارەی رووداوەکەوە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی سێشەممە کاژێر 12 هاتین بۆ سەر زێیەکە و کاژێر 14:30 بوو کە شەهرام کەوتە نێو ئاو و خنکا."
وەکو باپیری منداڵەکە باسی دەکات، کاتێک منداڵەکەی کەوتووەتە نێو زێی بچووکەوە، سەری بینیوە، بەڵام بەهۆی زۆری و خێرایی ئاوەکەوە نەیتوانیوە رزگاری بکات.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە 65 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانیشەوە لە ئاودا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ