رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد جەمیل کایای تەمەن 30 ساڵی لەدایکبووی ئێلیهی باکووری کوردستانە، ژیانی هاوژینیی لەگەڵ پریانکا تانگاراژوی تەمەن 30 ساڵەی هیندستانی پێکهێنا.
ئەحمەد جەمیل کایا، زاوا دەڵێت، "لە ساڵی 2016وە لە هیندستان نیشتەجێم، بەکالۆریۆس و ماستەرم لە بواری ئەندازیاریی نەخشەسازی بەدەستهێنا. لەوێ لەگەڵ پریانکا یەکدیمان ناسی و هۆگری یەکدی بووین و دواتر بۆ خۆشەویستی پەرەی سەند. بەر لە گەڕانەوەم بۆ تورکیا پریانکا داوای هاوژینیی لێکردم و منیش رازی بووم، چونکە عاشقبوون ئاسان نییە و مرۆڤ حەز دەکات ژیانی هاوژینی لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکبهێنێت."
خۆشەویستی هۆکار بوو بۆئەوەی خێزانە هیندستانییەکە بە هاوژینییەکە رازی ببن، سەرەڕای دووری نێوان هەردوو وڵات و جیاوازی لە کولتوورەکەدا.
زاواکە دەڵێت، "سەرەتا چووینە گوندەکەیان لە هەرێمی تامینانۆ و لەگەڵ خێزانەکەی یەکدیمان ناسی و پاشان داوای کچەکەیانم کرد و توانیم رازییان بکەم. پاشان خێزانی ئێمەش رازی بوون و هەفتەیەک پێش ئێستا یەکەم ئاهەنگی بووک گواستنەوەمان لە هیندستان رێکخست و ئەمجارەش لێرە لە شارەکەی خۆم ئاهەنگەکەم رێکخست."
ئاهەنگی یەکەمی هاوژینیی ئەحمەد و پریانکا بەگوێرەی دابونەریتی هیندستانییەکان کرا و جاری دووەمیش بەپێی نەریتی کوردەواری.
پریانکا تانگاراژوو، بووک دەڵێت، "من پریانکام، خەڵکی هیندستانم. ئەحمەدم خۆشویست و لەپێناو ئەو هاتوومەتە تورکیا و ژیانی هاوژینیمان پێکهێناوە و ئێستاش لێرەم و ئاهەنگی بووک گواستنەوەمان لێرە دووبارە دەکەینەوە. هەستێکی خۆشە."
هاوژینە کورد و هیندستانییەکە بۆ ماوەیەک لە هیندستان نیشتەجێ دەبن تاوەکو ئەو کاتەی خوێندنیان تەواو دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە باکووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ