رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری سەنتەری میترۆ رایدەگەیێنێت، مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، بەهۆی "کینەی سیاسی" بووە.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو دا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هێرشەکەی سەر هۆتێل لالەزار گوتی، "بەکارهێنانی هێزێکی زۆر و دەبابە لە رووداوەکانی گردی سەرچنار، کە پەیوەندیی بە کەیسەکەی لاهوور شێخ جەنگییەوە هەبوو، بووەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی ترس لە سلێمانی."
سەبارەت بە دۆخی دادگاکان لە هەرێمی کوردستان، غەریب گوتی، "هیوای هەمووان ئەوەیە دادگاکان سەروەر بن و دەستێوەردانی حیزبییان تێدا نەبێت،" بەڵام رەخنەی لەوە گرت کە دادگاکان لەگەڵ کەسانی "بێ پشت و پەنا" تووندن و لەگەڵ کەسانی دەسەڵاتدار "ئەرحەم و راحیمین"ن.
لەبارەی کەیسی شاسوار عەبدولواحیدەوە، رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی، "حەزمان دەکرد دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەتر بکرایە،" و پێیوابوو لەبەر ئەوەی شاسوار عەبدولواحید "ئۆپۆزیسیۆنی یەکێتی و پارتییە،" مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا کراوە.
هەروەها رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی لاهوور شێخ جەنگی گرت و گوتی، "ئەو هێزەی بەکارهات، لە تۆپ و دەبابە لەسەر زەوی و فڕۆکە و درۆن لە ئاسمانەوە، ئەوەی پێشانداین کە قەبارەی رق و کینەی سیاسی لە کاک لاهوور چەندە."
رەحمان غەریب، داوای لە کادیر و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بە سەرکردایەتیی حیزبەکەیان بڵێن "ئەمە هەڵەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ