رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا "زۆر قووڵتر بوونەتەوە" و بەغدا لە "ناوەندی هێزەوە" مەرجەکانی بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنێت. هاوکات هۆشداری دەدات، ئەگەر بەپەلە چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە، ئەم ساڵ مەترسیی فەوتانی دوو مووچەی فەرمانبەران هەیە.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی رووداو دا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی کردووە، رایگەیاند، "سێ کێشەی سەرەکیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکو ئەم ساتەش چارەسەر نەکراون، کە بریتین لە پرسی داهاتە نانەوتییەکان، دۆسیەی نەوت و پرۆژەی بەبانکیکردنی مووچە."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە یاسای ئیدارەی دارایی عێراق، کە لە ساڵی 2019 دەرچووە، هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک هەژمار دەکات." بە گوتەی ئەو، بەغدا داوای رادەستکردنی هەموو داهاتەکان دەکات و تەنیا 50%ی داهاتی گومرگەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش ناکۆکییەکی گەورەی دروستکردووە.
لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، فازڵ نەبی ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا نەوتییەکان بەو 16 دۆلارە رازی نین کە بەغدا بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک دیاری کردووە و داوای رێککەوتنێکی سێ قۆڵی دەکەن؛ بەڵام "بەغدا بە کۆمپانیاکانی گوتووە کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن."
لەبارەی کێشەی سێیەمیش، کە پرسی بە بانکیکردنی مووچەیە، گوتی، "بەغدا دەیەوێت دوای تەواوبوونی پرۆژەی هەژماری من، خۆی راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان تێپەڕێنێت، ئەمەش کارەساتە."
فازڵ نەبی هۆشداریی دا و گوتی، "ئەگەر شاندی هەرێمی کوردستان بەپەلە نەگەنە رێککەوتن، تاوەکو ئەم ساتە دوو مووچەی ئەم ساڵی فەرمانبەران فەوتاوە و ئەگەری فەوتانی مووچەی دیکەش هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ