رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە خانەنشینانی شاری سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی سنوورەکە، بەهۆی کێشە لە مامەڵەکانیان مووچەی مانگی 6ـیان راگیراوە. بەڕێوەبەری بانکێک دەڵێت، مووچە کەسیان نافەوتێت.
بەڕێوەبەری یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر خانەنشین بەهۆی نەبوونی ژمارەی کەسی بێ هاوتا (UPN) مووچەکەیان راگیراوە و ئەمڕۆ ناتوانن مووچە وەربگرن".
لەبارەی چارەنووسی مووچەی ئەوانەی مووچەکەیان راگیراوە ئەو بەرپرسە گوتی: "مووچەی کەس نافەوتێت، دەچنە خانەنشین و مامەڵەکانیان تەواو دەکەن و نووسراوێکیان پێدەدرێت، لەگەڵ هێنانی نووسراوەکەیان پارەکەیان بۆ خەرج دەکرێت".
لە نووسراوێکدا بە ناونیشنانی "خەرجنەکردنی مووچە" کە ژمارە 15079 و رێککەوتی 28-08-2025ـی لەسەرە و بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی ئاراستەی بانکەکانی ئاشتی، مهلكهندی، پیشهسازی، كشتوكاڵ، توی مهلیك، سلێمانی/ 1- چوارتا، دووكان، دهربهندیخان، ماوهت و تانجهرۆی کردووە و داوا دەکات، ئەوانەی (UPN)یان نییە مووچەکەیان رابگیرێت.
نووسراوەکەی خانەنشینیی پارێزگای سلێمانی پشتبەستووە بە "راسپاردەی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوداچوون و لیژنەی باڵای بایۆمەتری / پارێزگای سلێمانی.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بە سێ رۆژ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ