رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر سیستمی "ئەسیکۆدا" رێککەوتن.
سیستمی ئەسیکۆدا، سیستمێکە مامەڵە و رێکارە گومرگییەکان بە تەواوی ئۆتۆماتیک دەکات. وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، نوێنەرانی وەزارەتى ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، بەڕێوەبەری گشتیى گومرگ و بەڕێوەبەری کونترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاكانيان لە حکومەتی عێراق و سامى سوودانی، راوێژكارى سەرۆكوەزيرانى عێراق کۆبوونەوە بۆ چارەسەری چەند کێشەیەک، کە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کۆمپانیاکانەوە هەبوون.
یەکێک لەو بڕیارانە کە لە کۆبوونەوەکەدا درا و رێککەوتنی لەسەر کرا، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، سیستمی "ئەسیکۆدا" بوو، "کە ئەم سیستمە لە ماوەكانى رابردوودا يەكێك بوو لە كێشە و ناكۆكيیەكانى نێوان هەردوولا و بازرگان و كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان باجى ئەو ناكۆكيیانەیان دەدا، راستەوخۆش كاريگەریى خراپى بۆسەر دۆخى بازاڕ و بازرگانى و ئابووریى هەرێمی كوردستان هەبوو."
لە رێكکەوتنەكەدا، وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، "بڕيار دراوە بە بەكارهێنانى ژمارەى بازرگانیى كۆمپانياكان (UEN)، كە پێكهاتووە لە 14 ژمارەى بى هاوتا بكرێتە بنەمايەك بۆ وەرگرتن و بەشدارىكردن لە سيستمى ئەسیکۆدا و بۆ لەمەودوا كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان پێويستيان بە ناسنامەى باج (هويەى ضريبى) نابێت، لەگەڵ چارەسەركردنى ئەم كێشەيە كۆمپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەكو كۆمپانياكانى نێوەڕاست و خوارووى عێراق كارى بازرگانیى هاوردە و هەناردەى خۆيان بە شێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێبگەيێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ