نەوەی نوێ دەڵێت سزادانی شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەوان چاوەڕوانکراو بووە

02-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بڕیاری سزادانی سەرۆکی حیزبەکەیان "بێ بەڵگە و شایەت و چاوەڕوانکراو" بووە. دادگەی سلێمانیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، دۆسیەیەکی یاسایی بووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 02-09-2025 دادگەی سلێمانی سزای پێنج مانگ بەندکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێدا سەپاند. دوای بڕیارەکە حیزبەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی بۆ ئێمە و هەموو خەڵکی ئازیزی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانکراوبوو، چونکە کاتی دەستگیرکردنی کاک شاسوار و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لە نیوەشەودا لەلایەن هێزێکی دامامکدارەوە و نەبوونی هیچ بەڵگە و شایەتێک لە کەیسەکەدا، بە روونی پێیگوتین چ دەرئەنجامێک لە بڕیاری دادگە دەکەوێتەوە".
 
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، لە جاران بەگوڕتر کار دەکەن و درێژەپێدەری رێگە و دیدگەی سەرۆکەکەیان دەبن. دەشڵێن: "دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی لەناو خەڵک خۆشەویستتر دەکات و ئێمە نەک هەر سارد نابینەوە، بەڵکو کارێک دەکەین کاک شاسوار و خەڵکی هەرێمی کوردستان سەریان پێمان بەرز بێت".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا نەوەی نوێ دەڵێت: "لە ئێستاوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11-11ـی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێ هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئامادەین".
 
سەرچاوەیەک لە دادگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سزادانەکە بەگوێرەی یاسابووە، دادوەر پێشتر شەش مانگ حوکمی داوە، ئەمڕۆ دادوەری کەتن سزاکەی کەمکردەوە بۆ پێنج مانگ".
 
سەرچاوەکەی دادگەی سلێمانی گوتیشیی: "شاسوار عەبدولواحید بە کەیسێکی یاسایی و لەسەر سکاڵایەکی یاسایی ئافرەتێک بەناوی شادی نەوزاد سزادراوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.