رووداو دیجیتاڵ
زانکۆلاین بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کارا کرا.
شێرزاد سەعید، بەرێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاژێر 09:00ی شەوی رابردووەوە سیستمەکە کارا کراوە و تاوەکو 5ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە هەمان مەرج و رێنوێنی بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان، قوتابیانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، شنگال، خانەقین و خوورماتوو لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەکرد، "چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان دەرچووانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، خانەقین و شنگال لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەردەگریت و ئەم ساڵیش هەمان پلان بەردەوامە".
دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ چوونە نێو سیستمی زانکۆلاین دەبێت ژمارەی تاقیکردنەوەکان وەک وشەی چوونە ژوورە و ژمارەی فۆرمەکانیان وەک وشەی نهێنی (پاسۆرد) بەکاربهێنن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، 21ـی ئەیلوول سیستمی زانکۆلاینی بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان کاراکرد و بڕیاربوو 30ـی ئەیلوول دوایین رۆژ بێت، بەڵام دواتر کاتەکە بۆ 05ـی مانگی 10 درێژکرایەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو 30ـی ئەیلوول 71%ـی دەرچووانی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان داواکارییان لە رێگەی زانکۆلاینەوە پێشکێش کردووە، واتە 39 هەزار دەرچووی ئەم ساڵ و 6 هەزار دەرچووی ساڵانی پێشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ