رووداو دیجیتاڵ
رێکارێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕى ئەو پارەیەى دیاریکردووە، کە رێگەپێدراوە بۆ بانگەشەى بەربژێرانى سەربەخۆ و پارت و هاوپەیمانێتییەکان خەرج بکرێت؛ زۆرترین پارەى رێگەپێدراو بۆ بانگەشەى لیستەکان لە بازنەى سلێمانییە، کە زیاتر لە 19 ملیار دینارە، کەمترینیش بۆ بەربژێرانى سەربەخۆ لە هەڵەبجەیە کە 15 ملیۆن دینارە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، بڕى ئەو پارەیە دیاریکراوە کە رێگەپێدراوە بۆئەوەى بەربژێران و لیستەکانى بەشداربوو لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان خەرجى بکەن بۆ بانگەشە.
عیماد جەمیل گوتى، "بەگوێرەى رێکارەکە، پارەى رێگەپێدراو بۆ بانگەشەى بەربژێرى سەربەخۆ بە پێوەرێک دەبێت، کە 250 دینار کەڕەتى ژمارەى دەنگدەرانى خاوەنى کارتى بایۆمەترى دەکرێت لەو بازنەیەى خۆى تێیدا بەربژێر کردووە، پارەکە چەند دەرچوو دەبێت لەوە زیاتر خەرج نەکات."
بەگوێرەى پێوەرەکەى کۆمیسیۆن، پارەى رێگەپێدراو بۆ خەرجکردن لەلایەن پارت و هاوپەیمانێتییەکانەوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، لەسەر بنەمایەک دیاری دەکرێت کە 250 دینار کەڕەتى ژمارەى دەنگدەرانى بازنەک دەکرێت و لەهەمان کاتیشدا کەڕەتى ژمارەى بەربژێرانى لیستەکە دەکرێت، ئەو پارەیەى دەردەچێت رێگەپێدراوە بۆئەوەى بەربژێرانى ئەو لیستە بۆ بانگەشە خەرجى بکەن.
بڕى پارەى رێگەپێدراو بە بەربژێرانى سەربەخۆ، پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەگوێرەی ئەو بازنانە دەگۆڕێت کە تیایدا بەشدایی دەکەن.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "173 تیمى کۆمیسیۆن لە سەرجەم بازنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاودێرى خەرجکردنى ئەو پارانە دەکەن."
لە سلێمانی بانگەشە گرانترینە
لە بازنەى سلێمانی، یەک ملیۆن و 83 هەزار و 248 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان هەیە کە دەتوانن دەنگ بدەن، بەو پێیە، پارەى رێگەپێدراو بۆ بانگەشەى بەربژێرانى سەربەخۆ بەگوێرەى ژمارەى دەنگدەران، 270 ملیۆن و 812 هەزار دینارە بۆ هەر بەربژێرێک.
ئەو بڕە پارەیە بەگوێرەى ژمارەى بەربژێرى لیستە بەشداربووەکان دەگۆڕێت، هەر یەک لە لیستى یەکێتى نيشتمانى كوردستان و پارتى ديموكراتی کوردستان زۆرترین بەربژێریان هەیە لە بازنەى سلێمانى کە بۆ هەر یەکێکیان 72 بەربژێرە، بەوپێیە هەر یەک لەو دوو لیستە دەتوانن تاوەکو 19 ملیار و 498 ملیۆن و 464 هەزار دینار بۆ بانگەشە خەرج بکەن.
هەولێر؛ 253 ملیۆن دینار بۆ بەربژێرى سەربەخۆ
لە بازنەی هەولێر یەک ملیۆن و 14 هەزار و 605 دەنگدەر کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، بەوپێیە پارەى رێگەپێدراوى بانگەشە بۆ بەربژێرانى سەربەخۆ لەو بازنەیە 253 ملیۆن و 651 هەزار و 250 دینارە، کە ئەو بەربژێرانە دەتوانن خەرجى بکەن.
بڕى پارەى رێگەپێدراو بۆ بانگەشە بەگوێرەى ژمارەى بەربژێرانیان لە بازنەى هەولێر دەگۆڕێت، لیستى یەکێتى و پارتى کە هەر یەکەیان 64 بەربژێریان هەیە، بەوپێیە هەر یەک لەو دوو لیستە دەتوانن 16 ملیار و 233 ملیۆن و 680 هەزار دینار بۆ بانگەشە خەرج بکەن، کە بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن رێگەپێدراوە لەو بازنەیەى هەڵبژاردن خەرج بکرێت.
دهۆک؛ زۆرترین پارەى لیست، هەشت ملیار دینارە
لە بازنەى دهۆک، 738 هەزار و 69 دەنگدەر کارتى بایۆمەترییان هەیە کە دەتوانن بەشدارى بکەن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەوپێیە بۆ هەر بەربژێرێکى سەربەخۆ دەتوانێت 183 ملیۆن و 517 هەزار و 250 دینار خەرج بکات بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.
لەو بازنەیە لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان زۆرترین بەربژێرى هەیە کە 48 بەربژێرە، بەوپێیە زۆرترین بڕى پارەى رێگەپێدراو بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لەو بازنەیە، هەشت ملیار و 856 ملیۆن و 828 هەزار دینار دەبێت.
هەڵەبجە؛ کەمترین خەرجى
لە بازنەى هەڵەبجە 62 هەزار و 889 دەنگدەر کارتى بایۆمەترى دەنگانیان هەیە ، بەوپێیە تەنیا بەربژێرە سەربەخۆکەى ئەوشارە بۆى هەیە تاوەکو 15 ملیۆن و 722 هەزار و 250 دینار خەرج بکات بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.
بۆ بانگەشەى پارت و هاوپەیمانێتییەکان، زۆرترین بڕى پارە کە رێگە پێدراو بێت لەو بازنەیە بۆ بانگەشە خەرج بکرێت، 94 ملیۆن و 333 هەزار و 500 دینارە کە بۆ هەریەک لە لیستەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانن کە یەکى شەش بەربژێریان لەو بازنەیە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ