رووداو دیجیتاڵ
دوای فەرمانی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی رێکارە کارگێڕییەکانەوە قایمقام دەستبەکار نەبووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 23ـی ئەیلوولی 2025، فهرمانێكى ههرێمی بۆ هێنانهكايهى قهزاى رزگارى له سنوورى ئيدارەی سهربهخۆى گهرميان لە پارێزگای سلێمانی واژۆ كرد، كه ههمان سنوورى ئێستاى ناحيهکە لهخۆدهگرێت.
جەمال مام ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە گەرمیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "24ـی ئەیلوول فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ بە قەزابوونی رزگاری نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت لەوێوە بنێردرێتە وەزارەتی ناوخۆ، پاشان ئیدارەی گەرمیان، ئەو کاتە تابلۆکانی ناحیە بە فەرمی لەسەریان دەنووسرێت قەزا".
لەدوای جێبەجێکردنی رێکارە کارگێڕییەکان بۆ بەقەزابوونی ناحیەی رزگاری، جەمال مام ساڵح، وەکو قایمقامی قەزاکە بەوەکالەت دەستبەکار دەبێت.
جەمال مام ساڵح گوتی: "چەند جارێک لێکۆڵینەوە کراوە، دەرکەوتووە رزگاری 25 فەرمانگەی تێدایە، لەوانە دادگە، فەرمانگەی دادنووسی و وێستگەی کارەبا، ئەوکاتە بە شیاو دانراوە بکرێتە قەزا".
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری گوتیشی: "بڕیاری بەقەزابوونی ناحیەکەمان بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی رزگاری گرنگە، چونکە فەرمانگەی دیکە هەن لێرە نەبوون و دوای بەقەزابوون دەکرێنەوە، شارەوانییەکەی لە پلە دووەوە دەبێتە پلە یەک و بانکی تێدا دەکرێتەوە، ئەمانە بۆ خەڵک پێویستن".
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی رزگاری نزیکەی 50 هەزار کەسە، کە زۆربەیان رزگاربوو یان کەسوکاری تاوانی ئەنفالن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ