پێنج توێژەری کورد دەڵێن چارەسەری شێرپەنجەی داریان دۆزیوەتەوە

02-10-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دارێک تووشی شێرپەنجە بووە
دارێک تووشی شێرپەنجە بووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێنج توێژەری کورد لە زانکۆی سەلاحەدین، دوای چەندین ساڵ توێژینەوە، چارەسەرێکی بایۆلۆجی و کاریگەریان بۆ نەخۆشیی "شێرپەنجەی دار" (Canker) دۆزییەوە. ئەم دۆزینەوەیە وایکردووە تیمەکە میدالیای زیو لە کەنەدا بەدەستبهێنن، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، "تائێستا هیچ لایەنێک هاوکاریی نەکردوون بۆ ئەوەی چارەسەرەکە بگاتە دەستی جووتیاران."

نەخۆشیی شێرپەنجەی دار، بەهۆی کەڕووی (Cytospora leucostoma) دروست دەبێت، بەتایبەتی لە دارە "ناوکە بەردینەکان" وەک قەیسی، خوخ، هەڵوژە و گێلاس تووش دەکات. ئەم نەخۆشییە بە دروستبوونی برین لەسەر قەدی دارەکان دەستپێدەکات و وردە وردە دارەکە وشک دەکات. نەخۆشییەکە بووەتە کابووسێک بۆ خاوەن باخەکان.
 
د. هێمن کاکەخان، یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە، رۆژی 2-10-2025 لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال لە رووداو راگەیاند: "ئەمە کێشەیەکی جیهانییە و چارەسەرکردنی ئەستەمە. بەپێی بەدواداچوونەکانمان، زیانی ئابووریی ئەم نەخۆشییە لە دەشتی هەولێر و ناوچەی گوێڕ نزیکەی 70%ـە."
 
چارەسەرێکی ژینگەدۆست و کاریگەر
 
لە جێگەی قڕکەرە کیمیاییە زیانبەخشەکان، کە زیانی زۆریان بۆ ژینگە هەیە، ئەم تیمە کوردە روویان لە "کۆنترۆڵی بایۆلۆژی" کردووە. 
 
د. تاڤگە سلێمان، توێژەر و ئەندامی تیمەکە ئاشکرای دەکات: "لە توێژینەوەکەماندا سوودمان لە تێکەڵەیەکی تایبەت وەرگرت کە لە 2 جۆر بەکتریا و 1 جۆر کەڕووی سوودبەخش پێکهاتبوو. لە تاقیگەدا توانیمان 100% رێگری لە گەشەی کەڕووە نەخۆشیخەرەکە بکەین."

 

 
توێژەرەکان گیراوەکەیان لەسەر دارەکان تاقیکردووەتەوە. د. تاڤگە سلێمان گوتی: "ئەم گیراوەیە نەک تەنیا نەخۆشییەکەی راگرت، بەڵکو برینە قووڵەکانی سەر قەدی دارەکانی چاککردەوە. واتە ئەمە تەنیا راگرتن نییە، بەڵکو چارەسەرێکی بنەڕەتی و چاککەرەوەیە." 
 
د. تاڤگە سلێمان گوتیشی: "ئەم چارەسەرە بە تەواوی ژینگەدۆستە و هیچ پاشماوەیەکی زیانبەخشی نییە".
 
داهێنانێکی جیهانی، بێ پشتگیریی ناوخۆ
 
گرنگیی ئەم داهێنانە سەرنجی ناوەندە زانستییە جیهانییەکانی راکێشا و تیمەکە بەشدارییان لە "پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داهێنان لە کەنەدا" (iCAN 2025) کرد و میدالیای زیویان بەدەستهێنا. تیمەکە پێشتریش لە ساڵانی 2020 و 2021 دوو میدالیای زێڕیان بۆ داهێنانی دیکە وەرگرتووە. 
 
د. تاڤگە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات پشتگیرییان بکەن بۆ ئەوەی ئەم چارەسەرە بکەنە بەرهەمێکی بازرگانی و بگاتە دەستی جووتیاران، بەڵام بە گوتەی توێژەرەکان، تائێستا هیچ لایەنێک پەیوەندیی پێوەنەکردوون. ئەوان دەیانەوێت "چارەسەرەکە بە ناوی کوردستانەوە بخرێتە بازاڕەکانەوە." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە