داوای بە هەمیشەییکردنی زیاتر لە 60 هەزار گرێبەستی هەرێمی کوردستان دەگەیێندرێتە سوودانی

02-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. یەکێکیان دەڵێت، داوای بە هەمیشەییکردنمان کرد. جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژە بەوەدەکات، لە بودجەی ساڵی 2026دا دەیانکەنە هەمیشەیی.
 
ئەحمەد فایەق، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست کە لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوامان لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد هەموو گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراقەوە بکرێنە هەیمیشەیی، ئەویش بەڵێنی دا داواکەمان بگەیێنێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق".
 
لە یاداشتەکەدا داوای دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی؛ هەروەها خۆبەخشانی تەندروستی و مامۆستایانی ئایینی کراوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 60 هەزار کەسە.
 
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرێبەستەکان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن دووبارە داوای دامەزراندن بکەن، چونکە گرێبەستیش دامەزراندنە، بەڵام دەکرێت لە پاکێجێکدا داوای بە هەمیشەییبوون بکەن".
 
ئەحمەد فایەق گوتی: "داوای دووبارە دامەزراندن ناکەین و ئەوەی داوامان کردووە، ئەو دامەزراندنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی کردووین لە بەغدا بکرێتە هەمیشەیی و نوێنەرانی کورد کاری بۆ بکەن".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی پێشوازیکردن لە دوو نوێنەرەکەی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری باشی بۆ کردوون و من ئاگادارم لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بەغدا لەسەرهێڵ بوون و چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئەوەی بە هەمیشەیی بکرێن، ئێمەش پاڵپشت و هاوکار بووین، ئەم داواکارییەش بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "لەکاتی هاتنی بودجەی ساڵی 2026 دڵنیایی دەدەین لە چوارچێوەی بودجەکەدا جێگەیان دەکەینەوە. حکومەتی عێراق ستەمی لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان کردووە لە رابردوودا، کە ئەوانەی عێراقیی هەموو کردن بە هەمیشەیی و هیچ بۆ ئەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرد. ئێمەش لە هەوڵدا دەبین بۆیان کە مافێکی سەرەتاییانە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.