رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەزار و 300 خانەنشین دوایین مووچە وەریانگرتبێت مانگی 11ـی پار بوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە مووچەی مانگی ئابدا 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن.
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز دەستیپێکرد و چەند خانەنشینێک بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "ئەم مانگەش هاوشێوەی مووچەی مانگەکانی دیکە مووچەمان بۆ نەبەستراوە و وەریناگرین".
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوایین بەش کە ئەم ساڵ مووچەیان وەرنەگرتووە و لە لیستی مووچەی مانگی ئابدا ناویان تۆمارکراوە، لەگەڵ هاتنی مووچەی مانگی هەشتدا 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن".
ئەو خانەنشینانەی بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیانەوە تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 5 هەزار و 500 کەس.
بەگوێرەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە ئەمڕۆ 3 هەزار و 443 خانەنشین مافیان هەیە 7 مووچەی ئەم ساڵ پێکەوە وەربگرن، کە ئەم ساڵ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
ئەو خانەنشینانەی ئەم مانگەش ناتوانن مووچە وەربگرن، ژمارەیان 2 هەزار و 373 کەسە و بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ناویان لە لیستی مووچەی مانگی ئابدا تۆمار کراوە. سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "لە مووچەی داهاتوودا ئەوانە 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە؛ 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازین.
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون و بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیانەوە کە ژمارەیان زیاتربوو لە 30 هەزار کەس، بەشێکی زۆریان دوای چەند مانگێک مووچەیان بۆ بەسترا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ