دوانۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایترۆجین هێندە زیادیان کردووە، 800 هەزار ساڵە وا نەبووە

02-11-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دەردانی گاز لە چەند کارگەیەکی ئەڵمانیا. وێنە: LUKAS SCHULZE/GETTY
دەردانی گاز لە چەند کارگەیەکی ئەڵمانیا. وێنە: LUKAS SCHULZE/GETTY
نیشانەکردن گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ماوەی 130 ساڵی رابردوودا پلەی گەرمی گۆی زەوی بە 0.85 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە، لەوانەیە لە 80 ساڵی داهاتوودا پلەی گەرمی گۆی زەوی بە 4 پلە بەرزببێتەوە.
 
هەوای گۆی زەوی بە چەندین گاز دەوردراوە، هەندێ لەو گازانە تیشکی خۆر هەڵدەمژن، ناهێڵن تیشکەکان دزەبکەنە ئاسمان، بەمەش گۆی زەوی گەرمدادێت، خۆ ئەگەر وانەبێت، ئەوا گۆی زەوی بە 18 پلەی ژێر سفری سەدی دەیبەستێت و، ژیان لەسەر زەوی ئەستەم دەبێت.
 
نوێنەری زیاتر لە 190 وڵاتی جیهان لە گڵاسگۆی سکۆتلەندا لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کوشوهەوا کۆبوونەتەوە.
 
ئالۆک شارما، سەرۆکی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت، "ئێمە دەزانین کە ئەم لووتکەیەی گۆڕانی کەشوهەوا دوایین هیوامانە بۆ ئەوەی پلەکە لە 1.5 پلە بهێڵینەوە. دەزانم کە ئەجێندای گفتوگۆکانی بەردەممان زۆرن، بەڵام باوەڕم وایە ئەم سیستمە نێودەوڵەتییە دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت و دەبێت بیپێکێت".
 
زاناکان ئەم کۆبوونەوەیە بەدوایین دەرفەت دەزانن بۆ رێگریکردن لە روودانی کارەساتی مرۆیی. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "کاتی موجامەلەی دیپلۆماسی بەسەرچووە. ئەگەر حکومەتەکان، بەتایبەتی حکومەتەکانی  G20، سەرمەشق نەبن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم هەوڵە، ئەوا ئێمە بەرەو مەینەتی مرۆیی دژوار دەڕۆین."
 
بەڵام هەرەشەیەکی جیددی لەسەر هەسارەکەمان دروستبووە، هەریەک لە گازەکانی دوانۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایترۆجین هێندە زیادیان کردووە، 800 هەزار ساڵە شتی وا رووینەداوە.
 
زاناکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەستی لە گۆڕانی کەشوهەودا هەیە، لە ساڵی 1750ەوە دوو ترلیۆن تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان بە ژینگەدا بڵاوکردووەتەوە.
 
گازی میسان لە کەرتی کشتوکاڵ بەرهەمدێت، 10 بۆ 12٪ی گازەکانی گۆی زەوی پێکدەهێنیت، بڕینی داری دارستانەکان کە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن، هۆکارێکی زیادبوونی گازەکانن.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە هەر 10 ساڵێکدا بە رێژەی 13٪ بەستەڵەکی جەمسەرەکان دەتوێنەوە، ئەمە تاوەکو ساڵی 2050 ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی ئەم دیاردەوە 15-25 سەنتیمەتر بەرزدەبێتەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان واتا روودانی لافاو و پڕبوونی شار و شارۆچکەکان لە ئاو.
 
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، دەریاچەیەک لە باکووری مالی پڕ بوو لە ئاو، بەڵام ئێستا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تەنگی پێهەڵچنیوە. عەبدولکەریم حەسانی، جووتیارێک لە نزیک دەریاچەکە وەستاوە و دەڵێت، "ئەم هەموو رووبەرە وشکانییە کە ئێستا دەیبینیت، پێشتر پڕ لە ئاو بوو، ئەم ناوچەیە دارستان بوو ئێستاش بیابانێكی بێ ژیانە".
 
دارستانی ئەمازۆن لە ئەمریکای باشوور لە ساڵی 1988ەوە 1 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە بەهۆی وشکەساڵی و سووتان لەناوچووە، دروستبوونی مەترسی لەسەر ئەمازۆن واتا مەترسی لەسەر 20٪ی سەرچاوەی ئۆکسجینی گۆی زەوی.
 
کڵاودیتی لیبۆنتی، هاوئاهەنگیکاری ژنان لە رێکخراوی COICA دەڵێت، "سییەکانی جیهان، ئەمازۆن، لەو کات و ساتەدا بە جیددی لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونە بەهۆی هەڵکەندنی کان و پیشەسازی کە لەسەری ئەنجامدەدرێت."
 
هاوینی ئەمساڵ دارستانەکانی ئەمریکا، جۆرجیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، تورکیا و چەندین ناوچەی دیکەی جیهان لەیەک کاتدا سووتان، دیمەنێکی سامناکی کەموێنەیان دروستکرد. سووتانی دارستانەکان واتا تێکچوونی ئیکۆسیستەم یاخود ژینگەی بوونەوەرەکان.
 
ماریا نێیرا، بەڕێوەبەری ژینگەیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ پرسی تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت، "ئێمە زۆرباش دەزانین کە گۆڕانی کەشوهەوا کار لە بڕبڕەی تەندروستیمان دەکات، کار لە خۆراک، ئاو، کواڵێتیی هەوا و ژینگە دەکات".
 
لە گەرمەی تەممووزی ئەمساڵ بارانێکی بەخوڕ لە بەشی رۆژئاوای ئەوروپا لافاوی دروستکرد و 242 کەسی کوشت، زاناکان دەڵێن 60 ساڵە شتی وا رووینەداوە.
 
زاناکان سەریان لە لافاوەکەی هاوینی ئەمساڵی ئەوروپا سوڕماوە، لە ماوەی چەند کاژێرێکدا ئاو هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی برد، تەنیا لە ئەڵمانیا 196 کەس بەو لافاوە مردن.
 
هانس دیتەر، دانیشتووی شوڵد لە ئەڵمانیا دەڵێت، "بە وشە وەسف ناکرێت، ئەمە ئەستەمە، هەمووی لە دوو کاژێر روویدا. ماڵ، ئۆتۆمبێل هەمووی ژێر ئاوکەوتن، ماڵمان وێرانبوو".
 
ئەوەی سرووشت بە مرۆڤی دەکات لە تووڕەبوون دەچێت، بەزەیی بە هیچ کەسێک نایەتەوە، لە یەک کاتی رۆژدا لە شوێنێک بە وشکەساڵی تاقیان دەکاتەوە، لە شوێنێکی دی بە لافاو، لە شوێنێکی دی بە ئاگری دارستان و رۆچوونی زەوی.
 
ئەمە هەمووی بەهۆی ئەوەی پلەی گەرمی 1.5 پلە لە ئاستی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بەرزترە، بێننە پێشچاوتان، پلەکە لەمە بەرزتربێتەوە کارەساتی سرووشتی چیمان پێدەکات.
 
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "سرووشت چاوەڕێمان ناکات. 10 ساڵی رابردوو گەرمترین بوون لە مێژوودا. گازە ژەهراوییە مەترسیدارەکان لە ئاستێکدان، 3 ملیۆن ساڵە بەمشێوە نەبوون. پلەی گەرمیی گۆی زەوی 1.2٪ی تێپەڕاندووە، بەرەو دەرگای کارەسات هەنگاودەنێت".
 
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدەدات، لەم سەدەیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی دەگاتە 2.7 پلەی سیلیزی ئەگەر کار لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا نەکرێت.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دەڵێت، "قەیرانی کەشوهەوا زەنگی مەترسییە بۆ مرۆڤایەتی و زۆرترین مەترسییەکان لەسەر گەنجانە، بۆیە من لێرەوە سوپاسی گەنجان دەکەم بۆ هەڵوێستی جوانیان کە بەشێوەی ئۆنڵاین و بە خۆپێشاندانەکانیان دەریاندەبڕن کە بەڕاستی دەریانخست کورتهێنانی سەرکردەی بەهێزمان هەیە کە بەڵێنی پووچەڵ دەدەنە جیهان".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور

پەیامنێرانی بێسنوور: ئازادیی رۆژنامەڤانی لە جیهاندا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی 25 ساڵی رابردوو

بەپێی پێوەری رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) بۆ ساڵی 2026، رەوشی ئازادیی کاری رۆژنامەڤانی لە سەرانسەری جیهان بە قۆناخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێ و دۆخەکە گەیشتووەتە خراپترین ئاستی 25 ساڵی رابردوو