رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری جەنگ فەرمانی کشانەوەی نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا دەرکردووە؛ ئەمەش وەک نوێترین لێکترازانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی دەبینرێت بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە.
ئەم بڕیارەی پێنتاگۆن هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووری لەلایەن دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کە بڕیاریدا باجی سەر ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ 25% بەرز بکاتەوە. ترهمپ ئەورووپای تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی رێککەوتنە بازرگانییەکان نەبوون.
ململانێی تووند لەگەڵ بەرلین
ترهمپ جارێکی دیکە رەخنەی تووندی لە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت، کە پێشتر گوتبووی ئێران خەریکی "شەرمەزارکردنی" واشنتنە لەسەر مێزی دانوستاندن. ترهمپ لە وەڵامدا گوتی: "مێرتس پێیوایە ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەو نازانێت باسی چی دەکات!"
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی کشانەوەی ئەو پێنج هەزار سەربازە لە شەش بۆ 12 مانگی داهاتوودا تەواو ببێت. ترهمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیەوێت ئەورووپا بەرپرسیارێتیی زیاتری بەرگریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و چیتر تەنیا پشت بە واشنتن نەبەستێت.
سزادانی هاوپەیمانەکان
سەرۆکی ئەمریکا وادیارە سوورە لەسەر سزادانی ئەو هاوپەیمانانەی کە نەیانویستوە پاڵپشتیی جەنگی دژی ئێران بکەن، یان بەشداری بکەن لە هێزی پاراستنی ئاشتی لە تەنگەی هورمز.
ترهمپ رۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە هێزەکانی ئەمریکا لە ئیتالیا و ئیسپانیاش بکشێنێتەوە و گوتی، "ئیتالیا هیچ یارمەتییەکی نەداوین و ئیسپانیاش زۆر خراپ بووە؛ بەڵێ، پێدەچێت [بیانکێشمەوە]، بۆچی نەیکەم؟"
تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، ئەمریکا 12 هەزار و 662 سەربازی لە ئیتالیا، سێ هەزار و 814 لە ئیسپانیا و 36 هەزار و 436 سەربازی لە ئەڵمانیا هەبووە.
وەڵامی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا
یۆهان وادیفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەکاتی سەردانێکیدا بۆ مەغریب دوێنێ رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا "ئامادەیە"؛ بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، بنکە سەربازییە گەورەکان، وەک بنکەی ئاسمانیی رامتایین، جێگەی گفتوگۆ نین و گرنگییەکی بێوێنەیان بۆ هەردوو وڵات هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە کیشوەرەکەدا لە بەرژەوەندیی خودی واشنتنیشەو ئەمریکا هاوبەشێکی سەرەکییە لە پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدا دێن کە وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە لە دۆخێکی هەستیاری ئەمنیدان. ترهمپ داوای لە راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە لە بری "دەستوەردان" لە پرسی ئێران، سەرنج بخاتە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، لە کاتێکدا مێرتس بودجەی سەربازیی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بێوێنە بەرز کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشارە ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ