رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، بە تەواوی پاڵپشتی لە عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراوی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێ: "بە یارمەتیی ئێمە بردییەوە".
ئەمڕۆ هەینی، پێش ئەوەی بەرەو فلۆریدا بەڕێبکەوێ، ترەمپ لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ عەلی زەیدی، ترەمپ گوتی: "لەگەڵ براوەکەی ئێوە قسەم کرد؛ ئەو پیاوێکی زۆر باشە. هەروەک ئاگادارن، ئەوم زۆرم بەلاوە پەسند بوو لە عێراق. دوێنێ گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان هەبوو، پیرۆزباییم لێکرد."
ترەمپ بە رووداوی گوت: "ئەو بردییەوە؛ بە یارمەتیی ئێمە بردییەوە. دەمانەوێ کارێکی زۆر باش بکات و پێم گوت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە درێژایی رێگەکە لەگەڵی دەبێت. (راسپاردنەکەی) سەرکەوتنێکی گەورەیە و سەرکردەی نوێی عێراق کەسێکە کە ئێمە بە تەواوی پاڵپشتی دەکەین."
نووسینگەی راگەیاندنی زەیدی، رۆژی پێنجشەممە باسی لەوە کرد کە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و تێیدا پیرۆزبایی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لێکردووە، هەروەها "بانگهێشتێکی فەرمیی ئاراستە کردووە بۆ ئەوەی دوای پێکهێنانی حکومەت سەردانی واشنتن بکات."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووە، جەختیشیان لە کاری هاوبەش و هاوئاهەنگیی دووقۆڵی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.
ترەمپ هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ سەبارەت بە زەیدی نووسی: "هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە کارەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دوور لە تیرۆر، کە بتوانێت داهاتوویەکی گەشتر بە عێراق ببەخشێت؛" هەروەها گوتی: "ئەمە سەرەتای وەرزێکی نوێ و مەزنە لەنێوان هەردوو وڵاتەکەمان. وەرزێک ناونیشانەکەی گەشەسەندن، سەقامگیری و سەرکەوتنی بێپێشینەیە."
رۆژی دووشەممەی رابردوو، زەیدی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا، ئەمەش دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو کەسایەتییەی لە شوێنی نووری مالیکی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی وەک جێگرەوەی محەممەد شياع سوودانی بەربژێر کرد، بەڵام ئەم هەنگاوە رووبەڕووی دژایەتییەکی تووندی ئەمریکا بووەوە. ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ بەغدا کرد ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە دەسەڵات، ئەمەش شڵەژانی لە نێوەندە سیاسییەکەدا دروستکرد و وایکرد ئەو هاوپەیمانییە شیعەیە بەربژێرەکەی بگۆڕێ.
عەلی زەیدیی تەمەن 40 ساڵ، وەک بەربژێری بەرهەمی سازان سەیر دەکرێ. ئەو کەسایەتییەکی بازرگان و خاوەن بانك و خاوەنی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنییە، پێشتر لە نێوەندی سیاسیدا زۆر بەرفراوان نەناسراوە و هیچ پۆستێکی حکومی نەبووە. ئێستاش ئەرکێکی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەتایبەتی لە سایەی ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و ململانێی هەژموونی نێوان ئەمریکا و ئێران.
دەقی پرسیار و وەڵامەکە
رووداو: جەنابی سەرۆک، بەڕێزتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق قسەتان کرد
ترەمپ: لەگەڵ براوەکە قسەم کرد، کەسێکی زۆر باشە. هەروەک ئاگادارن، زۆر بەلامەوە پەسند بوو لە عێراق. دوێنێ گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان هەبوو، پیرۆزباییم لێکرد. ئەو بردیەوە،؛ بە یارمەتی ئێمە، بردیەوە. دەمانەوێ ئەو کارێکی زۆر باش بکات و پێم گوت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە درێژایی رێگەکە لەگەڵی دەبێ، کە (بەربژێرکردنی) سەرکەوتنێکی گەورەیە. سەرکردەی نوێی عێراق کەسێکە کە ئێمە بە تەواوی پاڵپشتی دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ