پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی: خەڵکی غەززە لەژێر هەڕەشەی برسێتیدان

02-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
هاووڵاتییانی غەززە ئەو خۆراکە وەردەگرن کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابەشدەکرێت. وێنە: AFP
هاووڵاتییانی غەززە ئەو خۆراکە وەردەگرن کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابەشدەکرێت. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە سێ هەفتەیە کەرتی غەززەی فەلەستین بە چڕی تۆپباران و بۆردوومان دەکرێت و گەمارۆکەی ئیسرائیلیش لەسەری بەردەوامە.
 
رۆژ بە رۆژ نەهامەتیی زیاتر رووبەڕووی دانیشتوانی کەرتەکە دەبێتەوە و دوایینیشیان سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراکە کە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران دانیشتووی غەززە دەکات.
 
قەیرانەکە نیگەرانیی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتووەتەوە و هۆشداری لەبارەیەوە دەدات.
 
سامر عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە فەلەستین دەڵێت، "ئەوەی ئێستا ئێمە دەیڵێین لە داتاکان وەرگیراون. خەڵکی غەززە لەژێر هەڕەشەی برسێتیدان، ئەوان لەژێر هەڕەشەی ئەوەدان کە خۆراکی تەندروستیان دەستناکەوێت و ئەوەش لێکەوتەی تەندروستیی دەبێت."
 
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خۆراکەی گەیێندراوەتە غەززە لە پێویستی دانیشتووانی غەززە کەمترە.
 
پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، رۆژانە 500 بارهەڵگر خۆراک دەگەیشتە غەززە، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕەکە ئیسرائیل گەمارۆی خستە سەر کەرتەکە و تاوەکو ئێستا تەنیا 74 بارهەڵگر خۆراک گەیشتووەتە غەززە.
 
لەکۆی 50 نانەواخانە لە کەرتی غەززە، تەنیا دووانیان کاردەکەن و ئەوانی دیکە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و ئارد داخراون. پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیش رایگەیاندووە لەکۆی زیاتر لە 1.4 ملیۆن ئاوارەی غەززە تەنیا دەتوانن نان بۆ 200 هەزار ئاوارە دابین بکەن.
 
سامر عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە فەلەستین دەڵێت، "هاوکارییەکان کە دەگەنە غەززە وەکو دڵۆپێک وایە لە دەریایەک؛ تەنیا 12 بارهەڵگری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی گەیشتوونەتە غەززە، کە دەکاتە کەمتر لە 4٪ـی ئەو پێداویستییانەی کە بۆ دانیشتووانی غەززە پێویستن، لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە خۆراکە بەردەوام بەرەو زیادبوون دەچێت".
 
لە حەوتی مانگی رابردووەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست نییە و دۆخی مرۆیی غەززەش بەردەوام بەرەو خراپی دەڕوات.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.