بانگەشە لە 24 کاژێردا؛ پەیامی سەرۆک بارزانی و لێدوانی کۆمیسیۆن لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ

02-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە 24 کاژێری رابردوودا، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەرمتر بوو، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ چالاکییە چڕەکانی سەرکردە سیاسییەکان و دڵنیاییەکانی کۆمیسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەکی بێ گرفت و بەبێ قەدەخەی هاتووچۆ. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پارتی تەقەدووم پەیامی "گرنگیان" گەیاند، لەکاتێکدا ئامادەکارییە ئەمنییەکانیش گەیشتوونەتە قۆناخی دابەشکردنی ئەرک و شوێنی هێزەکان.
 
سەرۆک بارزانی: ئاسته‌نگ زۆرن و پیلانیش هه‌ن، بەڵام به‌ردەوام دەبین
 
سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی رۆژی شەممە له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌زگای ئه‌یلوول و گوڵان و زیندانییانی سیاسیی سنووری پارێزگای دهۆک كۆبووه‌وه‌. لە گوتارێکدا باسی لە "زووڵم و ستەم" بەرامبەر گەلی کورد، دەستووری عێراق و هەڵبژاردن کرد. 
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، سه‌رۆک بارزانی لە گوتارێکدا بە ئامادەبووانی گوت، "ئه‌و ئازادی و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا له فه‌زڵی خوا و خوێنی شه‌هیدان و فرمێسكی دایكی شه‌هیدان و ره‌نج و ماندووبوونی ئێوه‌یه، بۆیه كه له‌گه‌ڵ ئێوه دانیشتووم، هزر و بیرم ئاسوده‌یه‌." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سه‌رۆک بارزانی باسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و قۆناخه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانەی کردووە.
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی باسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و "پابەندنەبوون به ده‌ستوور له لایه‌ن به‌غداوه و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كانی" كرد به تایبه‌تیش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. 
 
سەرۆک بارزانی باسی "مێژووی زووڵم و سته‌م و جینۆساید به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان" کرد و گوتی، "به هه‌موو شێوازێک وڵاتی ئێمه‌یان وێران كرد و ئێمه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو هه‌وڵێكی زۆرمان دا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشخستنی كوردستان و ئه‌م هه‌وڵانه بێجگه له‌وه‌ی ئاسته‌نگی زۆریان له‌به‌رده‌مدا دروست كرا، به‌ڵام له‌سه‌ر كاركردن بۆ خزمه‌ت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام بووین و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ئێستاش ئاسته‌نگ زۆرن و پیلانیش هه‌ن كه ئێمه رابگرن، به‌ڵام پشتیوان به خوا و به میلله‌تی خۆمان هه‌ر به‌ردەوام دەبین."
 
سوودانی: حکومەت بەردەوامە لە پشتگیریکردنی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی شەممە لەگەڵ محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سوودانی، کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستی و هونەرییەکان لەلایەن دامەزراوە جێبەجێکارەکانەوە.
 
سوودانی دووپاتی کردەوە، "حکومەت بەردەوامە لە پشتگیریکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ دڵنیابوون لە رێکخستنی پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی بێگەرد کە ئەنجامەکانی ویستی راستەقینەی گەلی عێراق دەرببڕێت."
 
حەلبووسی: سوننە خۆیان بڕیار دەدەن؛ سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران؟
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی حیزبەکەیدا لە پارێزگای ئەنبار، باسی لە بژاردەکانی بەردەم سوننە کرد لە حکومەتی داهاتوودا و رایگەیاند: "سوننە خۆیان بڕیار دەدەن چییان دەوێت؛ سەرۆکایەتیی کۆمار یان ئەنجوومەنی نوێنەران." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "پشتیوانیی هەڵبژاردەی شیعە دەکەین بۆ سەرۆکوەزیران، دوای ئەوانیش عەرەبی سوننە بڕیار دەدەن کە ئایا سەرۆکایەتیی کۆمار یان سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرن و ماف بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێتەوە."
 
ئەم گوتانەی حەلبووسی لە کاتێکدایە کە لە پێنج خولی رابردووی پەرلەماندا، سێ پۆستی باڵای وڵات (سەرۆکوەزیران بۆ شیعە، سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە) بەپێی نەریتێکی سیاسی دابەشکرابوون.
 
حەلبووسی، کە ئەندامێتییەکەی لە پەرلەماندا لە 14ی تشرینی دووەمی 2023 لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە هەڵوەشێندرایەوە و ئێستا سەر لیستی تەقەدوومە لە بەغدا، پەیامێکی تووندی ئاراستەی حیزب و لایەنە سوننەکانی رکابەری کرد بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و گوتی: "دەیانگەڕێنمەوە شوێنی سرووشتیی خۆیان، لە کۆتایی دیوەخانەکە دادەنیشن، دەنگیان نزم دەکەنەوە و داوای مۆڵەت دەکەن ئینجا قسە دەکەن."
 
حەلبووسی کارتی نوێی بایۆمەتری وەرگرتەوە و داوای بەشداریی چالاکانە دەکات
 
هەر دوێنێ شەممە، محەممەد حەلبووسی و هاوژینەکەی، کارتی دەنگدانی بایۆمەتریی نوێکراوەیان لە سەنتەری تۆمارکردنی دەنگدەران لە گەڕەکی خەزرای بەغدا وەرگرتەوە. حەلبووسی، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد، پێش رۆژی دەنگدان لە 18ی مانگ، کارتەکانیان وەربگرن و بەشێوەیەکی چالاکانە لە پڕۆسەکەدا بەشدار بن.
 
سەرۆکی حیزبی تەقەدووم، جەختی لەوە کردەوە "ئەمە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی گرنگە بۆ بنیادنانی دەوڵەتێک کە یاسا و دادپەروەری تێیدا باڵادەست بێت و چاکسازی لە جومگەکانی دەوڵەتدا بکرێت، ئەوەش لە یەکەم رۆژی دەنگدان و بە دەنگی دەنگدەرانەوە دەست پێدەکات."
 
موسەننا سامەڕائی: بەغدا ناوەندی بڕیاری نیشتمانی دەمێنێتەوە
 
موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، ئێوارەی رۆژی شەممە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە لەلایەن د. یاسین عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانییەکە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا ساز کرابوو.
 
سامەڕائی، لە گوتارەکەیدا دووپاتی کردەوە، "بەغدا وەکو ناوەندی بڕیاری نیشتمانی و بنەمای کاری سیاسی لە عێراقدا دەمێنێتەوە" و جەختی لە "گرنگیی پشتگیریکردنی بەربژێرە لێهاتووەکان کردەوە کە نوێنەرایەتیی دەنگی پایتەخت دەکەن لە پڕۆژەی هاوپەیمانیی عەزمدا، کە لە دیدگایەکی نیشتمانیی واقیعییەوە سەرچاوە دەگرێت". 
 
کۆمیسیۆن: ئەنجامەکان 24 کاژێر دوای دەنگدان رادەگەیێندرێن و قەدەخەی هاتووچۆ نابێت
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامە سەرەتاییەکان 24 کاژێر دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان رادەگەیێندرێن و هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا نابێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 24 کاژێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رادەگەیێندرێت."
 
بە گوتەی غەلای، ئامێرەکانی دەنگدان سێ راپۆرتیان دەبێت کە قۆناخەکانی بەیانی، نیوەڕۆ و کۆتایی دەنگدان دەگرێتەوە و ئەنجامەکانیان یەک لەدوای یەک بۆ بریکاری قەوارە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندن دەخرێنەڕوو.
 
سەبارەت بە دابەشکردنی کارتی دەنگدان، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا لە کۆی 3.5 ملیۆن کارتی نوێی بایۆمەتری، 2.3 ملیۆنیان دابەشکراون و پرۆسەکە تاوەکو رۆژی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا نییە و دۆخەکە ئاسایی دەبێت. هەروەها روونیکردەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ کە باسی قەدەخەی هاتووچۆ دەکات، کۆنە و پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەمجارەوە نییە.
 
سەبارەت بە ئامادەکارییە ئەمنییەکان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە پرۆسەی بڵاوەپێکردنی قۆناخ بە قۆناخ کردووە لەو قوتابخانانەی وەکو بنکەی دەنگدان لە بەغدا دیاریکراون. رێکارەکان دانانی خاڵی پشکنین لە دەروازەکان و ئامادەکردنی چادر بۆ هێزەکانی پاراستن لە ناوەندەکاندا لەخۆدەگرن.
 
عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەشدار دەبێت لە پاراستنی 7 هەزار و 47 بنکەی دەنگدانی گشتی و 598 بنکەی دەنگدانی تایبەت. ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو هێزە ئەمنییانەی بۆ پاراستنی پرۆسەکە تەرخانکراون، گەیشتووەتە زیاتر لە 158 هەزار کارمەند و 9 هەزار ئەفسەر.
 
میقداد میری دڵنیایی دا کە پرۆسەی بانگەشە بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت و پڕوپاگەندەکان کاریگەرییان نابێت. هەروەها گوتی، لە مانگی رابردوودا 526 حاڵەتی پڕوپاگەندەیان تۆمارکردووە کە ئامانج لێی دروستکردنی پشێوی بووە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".