رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا تێپەڕاندنی یەک ملیۆن دەنگە، و جەختی لەسەر گرنگیی زیادکردنی کورسییەکانی پارتی لە سلێمانی کردەوە و دەڵێت: "کۆکردنەوەی داهات لە سنووری سلێمانی زۆر لاوازە."
ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئاشکرای کرد: "پلانمان ئەوەیە ژمارەی دەنگەکانمان لە سلێمانی زیاتر بکەین."
بەرپرسەکەی پارتی پێیوایە، خەڵکی دەڤەری سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی "تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت خزمەتی خەڵکەکەی خۆی بکات و بە کردار بیسەلمێنێت کە داکۆکیکارە لە مافەکانی گەلی کورد."
ساناو فەرەیدوون پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمـی بە "بەڵگە"ـی ئەم راستییە دەزانێت و دەڵێت: "پارتی سەلماندوویەتی خزمەتکاری راستەقینەی خەڵکە. بۆیە پێویست دەکات خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی، ئەم جارە پارتی تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو خزمەتەی کە پێویستە بە خەڵک بگەیێنێت."
ساناو جوانڕۆیی بە بەراوردێک، رەخنەی تووندی لە دۆخی خزمەتگوزاریی سلێمانی گرت، وەکو نموونەیەک ئاماژەی بە پرۆژەی رێگای 100 مەتریی سلێمانی کرد و گوتی، "پەیوەندی لە نێوان ئەمن و ئاسایش و گەشەی ئابووریدا هەیە. ئێمە لە هەولێر و دهۆک سەدان پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە لە دەڤەری سلێمانی، پڕۆژەی 100 مەتری کە لە 2017ـەوە بڕیاری بۆ دراوە، تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە ئەنجوومەنی وەزیران "جیاوازی لە نێوان هیچ ناوچەیەک نەکراوە."
ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتیشە لە سنووری سلێمانی – هەڵەبجە – راپەڕین. ئەو دەڵێت: "کۆکردنەوەی داهات لە سنووری سلێمانی زۆر لاوازە، ئەوان داوایان کرد داهات لای خۆیان بێت و خۆیان خەرجی بکەن، بەڵام نەیانتوانی بە باشی لە پرۆژەکاندا خەرجی بکەن، دواتر تۆمەتەکەش دەخەنە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان."
سەبارەت بە ئەنجامە پێشبینیکراوەکان لە سنووری سلێمانی، ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی باسی لەوە کرد: "ناتوانم ئێستا بڵێم چەند کورسی زیاد دەکەین، بەڵام ئەگەر بگەینە ئاستی پێنج یان شەش کورسی، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەمان هێناوە لە سنووری بازنەی سلێمانیدا."
لەکۆتایی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: "بەداخەوە لەم سنوورە هەندێک جار گوشار لە خەڵک دەکرێ، پێشتریش لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو کارتی دەنگدان لە خەڵک زەوت دەکرا، ئەمەش ترسێکە لەوەی دەنگی لایەنێکی دیاریکراو کەم بکات، ئەگەر خەڵک ئازادانە دەنگ بدات، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ