کوردستان
لە راستەوە، ئەو کەسەی پارەکەی دۆزیوەتەوە، ئەفسەرێکی هاتووچۆی سلێمانی و ئەو هاووڵاتییەی پارەکەی ونکردبوو.
رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی سلێمانی بڵاوی کردەوە، گەنجێکی خەڵکی شارەزوور 10 هەزار دۆلاری کەسێکی عەرەبی دۆزیوەتەوە و رادەستی کردووەتەوە.
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسە لە بەغداوە هاتبووە سلێمانی و لە شوێنی تابلۆکان پارەکەی لێ ون ببوو، زۆر هەوڵی دابوو نەیدۆزییەوە و دواتر گەنجێک دۆزیبوویەوە و بۆی گەڕاندەوە".
موقەدەم بەهمەن، خۆی پارەکەی رادەستی ئەو هاووڵاتییە کردووەتەوە و دەڵێت: "ئەو گەنجەی پارەکەی دۆزییەوە خەڵکی شارەزوورە، کەسێکی دەستپاک بوو، لەگەڵ دۆزینەوەی پارەکەدا رادەستی پاسەوانەکانی کردبوو، عەرەبەکەش گوتی پارەکەی داناوە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و بە ونبوونی زۆر خەمی خواردووە".
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند: "هاوڵاتییەکەی خەڵکی بەغدا بە ناوی (عەلاء فەواز فەهد) کە بە مەبەستی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی کردبوو، بڕی 10 هەزار دۆلاری لێ ون دەبێت، هاونیشتمانییەکی شارەزوور بە ناوی (ئاکار عەلی حەمەئەمین) پارەکە دەدۆزێتەوە و رادەستی دەکاتەوە".
موقەدەم بەهمەن دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە عەرەبە زۆر سوپاسی خەڵکی سلێمانی و کوردی کرد و سەرسام بوو بە دەستپاکییان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ