کوردستان
وێنەی ئاڵا و فلێکسی لایەنە جیاوازەکان لە شەقامێکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو.
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانگەشە بە شێوازێکی "رێکوپێک" نەکراوە و هەموو شوێنێک کراوە بە وێنە و فلێکس، ئەمەش بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی بینینی خەڵک.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە رۆژی 08-11-2025 بانگەشە کۆتایی بێت. لیست و هاوپەیمانیێتی و بەربژێرە سەربەخۆکان پاش پێنج هەفتە بانگەشە، دەچنە نێو رکابەریی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا. دەنگدانی تایبەت لە 09-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 دەکرێت.
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویست بوو هەندێک شوێنی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری بکرێن، نەک وەکو ئێستا سەوزایی، دار، ستوون و هەموو شوێنەکان بە بانگەشەی هەڵبژاردن داپۆشراون؛ ئەمە زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیێنێت، بەتایبەتی هەڵواسینی فلێکس لەسەر دارەکان دەبێتە هۆی وشکبوونی ئەو دارانە بە تێپەڕبوونی کات."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە، شوێنی فلێکسەکان و بانگەشەی هەڵبژاردن بە "ناڕێکوپێک" ناودەبات و دەڵێت: "تیمی چاودێریمان هەیە و بەردەوام چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەن. رۆژێک دوای هەڵبژاردن، بە هاوبەشی لەگەڵ شارەوانییەکان هەوڵدەدەین ژینگە پاکبکەینەوە و هەموو حیزب و بەربژێرەکان مانگێکیان لەبەردەستە تاوەکو فلێکسەکان و پاشماوەی بانگەشە هەڵبگرنەوە، بە پێچەوانەوە لادەبرێن و تێچووەکەی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت."
لە هەرێمی کوردستان 8 حیزب بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە و لە 3ـی 10ـی 2025 دەستیان بە بانگەشەیەکی چڕ کردووە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتی: "بەهۆی بانگەشەکانەوە پیسبوونی ژینگەی بینینی خەڵك هەیە؛ پێویست بوو ئەو شوێنانەی بۆ رێکلام کە لەسەر شەقامەکان تەرخانکراون، بۆ بانگەشە بەکاربهێنرێن نەک بەم شێوەیە بانگەشە هەموو شوێنێک داپۆشێت."
لە هەرێمی کوردستان لە تێچووی هەر تۆنێک کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک 50 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، مانگانە دەگاتە زیاتر لە 10 ملیۆن دینار، گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت: "ئەگەر لە کاتی بانگەشە، بەتایبەتی بانگەشە جەماوەرییەکان، رەچاوی پاکوخاوێنیی ژینگە نەکرێت، تێچووەکەی دەبێتە دوو هێندە."
دەنگدانی تایبەت لە 09-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ