قایمقامی کۆیە: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کێشەی سیولەمان هەیە

02-11-2025
پەیمان محەممەد
تارق حەیدەر، قایمقامی کۆیە.
تارق حەیدەر، قایمقامی کۆیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای کۆیە دەڵێت، رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی 20 پڕۆژەی جیاجیا بە گوژمەی 80 ملیار دینار لە سنووری قەزاکە دراوە؛ بەڵام بۆ جێبەجێکردنیان کێشەی سیولەیان لە بانکەکاندا هەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 02-11-2025، تارق حەیدەر، قایمقامی کۆیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بەو پڕۆژانەی لە قەزاکەدا کاریان لەسەر دەکرێت رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە کۆیە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی نزیکەی 20 پڕۆژە لە سێکتەری جیاجیا داوە.
 
بەگوتەی تارق حەیدەر، گوژمەی پڕۆژەکان بەگشتی دەگاتە نزیکەی 75 ملیار بۆ 80 ملیار دینار.
 
وەک قایمقامی کۆیە ئاماژەی پێدا، پڕۆژەکان قۆناخی تەندەرینیان بڕیوە و کۆمپانیاکانی جێبەجێکار دەستبەکار بوون، ''بەڵام گرفتە گەورەکە ئەوەیە زۆربەی کۆمپانیاکان بەهۆی نەبوونی سیولە و پارە لە بانکەکان، لە کارکردن وەستاون.''
 
تارق حەیدەر دەڵێت، وەکو پێویست گرنگی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە قەزای کۆیە نەدراوە، ''بۆیە بۆ جێبەجێکردنیان، بە ناچاری روومان لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.''
 
قایمقامی قەزای کۆیە ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا لەو 80 ملیار دینارەی بۆ پڕۆژەکانی قەزاکە پێویستە، ئیدارەی گشتیی یەکێتی 10ملیار و 94 ملیۆن و 262 هەزار دیناری خەرج کردووە.
 
تارق حەیدەر گوتیشی: ''بۆ سیولە، روومان لە بانکەکانی سلێمانیش کردووە و لەسەر راسپاردەی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران، نزیکەی چوار ملیار و 537 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکان خەرج کراوە.''
 
قسەکانی قایمقامی کۆیە لەکاتێکدان کە 23ـی تشرینی یەکەم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا دووسایدی فیدراڵیی قەزاکەی کردەوە و ئەوکات میدیای یەکێتی رایگەیاند، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێکراوە، بەڵام هەر ئەو رۆژە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر راستیی هەواڵەکەی رەتکردەوە. 
 
ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەوبارەوە گوتی: ''پڕۆژەی دووسایدی فیدراڵیی قەزای کۆیە بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار، بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران و لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێکراوە، بەڵام بەداخەوە کردنەوەی پڕۆژەکە بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی پارێزگا، بە حیزبی کرا.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: 120 ملیارەکەمان نارد بۆ بەغدا

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر، 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.