وەزارەتی پێشمەرگە: مووچەی پێشمەرگە لە 40% تاوەکو 100% لە هێزە فیدراڵییەکان کەمترە

02-11-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە بەپێی پلە و مێژووی خزمەت، لە (40%) تاوەکو (100%) لە مووچەخۆرانی هاوتاکانیان لە وەزارەتی بەرگریی عێراقی فیدراڵ کەمترە. راشیگەیاند، داوایان کردووە مووچەی هێزی پێشمەرگە هاوتای وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ بێت.
 
رۆژی شەممە 01-11-2025 لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەردەوامە و نەوەستاوە، "بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە پرۆسەکە خاو بووەتەوە."
 
کێشەی مووچە
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد، باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد بۆ یەکسانکردنی مووچەی هێزەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. گوتی، "لە کۆبوونەوەکانمان داوامان کرد کە مووچە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە هاوتای کارمەندان و ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ بن. ئەم پێشنیارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە ئەرێنی وەرگیرا، بەڵام جێبەجێکردنی دەکەوێتە سەر بودجەی ساڵی داهاتوو."
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە پێویستی بە هاوئاهەنگییەکی زۆرترە لەگەڵ بەغدا، چونکە زیادکردنی مووچەی پێشمەرگە واتە زیادبوونی ئەو بڕە پارەیەی کە هەرێمی کوردستان وەک بودجەی مووچەخۆران لە بەغدا داوای دەکات.
 
بە گوتەی بەختیار محەممەد، بە گشتی، مووچەی پێشمەرگە بەپێی پلە و  40% تاوەکو 100% لە مووچەی هاوتاکانیان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق کەمترە.
 
سەبارەت بە یاسای خانەنشینی، لیوا روکن بەختیار محەممەد گوتی کراوەتە بڕیار کە پێشمەرگە بە یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014 (یاسای هەموارکراوی فیدراڵ) خانەنشین بکرێن، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک پلەدا مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەی یاسای ژمارە 38 کەمتر دەبێتەوە.
 
خاوبوونەوەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، باسی لە پرسی چاکسازی و یەکخستنەوەی یەکەکانی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە، کرد گوتی، کە پرۆسەکە "خاو" دەڕوات و لە ئاست "خواستی" خەڵکی کوردستان نییە.
 
هۆکارە سەرەکییەکانی خاوبوونەوە بە گوێرەی قسەکانی لیوا روکن بەختیار محەممەد بریتین لە  ناکۆکی نێوان لایەنە سەرەکییەکان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها کیشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت پرسی بودجە، پێشمەرگە و دۆسییەکانی دیکە و گۆڕانکاری و کێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
 
بەختیار محەممەد گوتی، "رێکخستنەوەی پێشمەرگە "ەشێکە لە سازانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و دەبێت پرۆسەکە بە سازان، هاوئاهەنگی و هاوسەنگی بڕواتە پێشەوە."
 
دروستکردنی فەرماندەیی دەڤەرەکان
 
لەبارەی رێکخستنەوەی کارە تەکنیکییەکانەوە، لیوا روکن بەختیار محەممەد روونیکردەوە، دروستکردنی یەکەکانی ژمێریاری لەسەر ئاستی نووسراو تەواو کراوە، بەڵام ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت تاوەکو "فەرماندەیی دەڤەر"ـەکان دروست نەکرێن. دەبێت ئەو 70 و 80ـە بگوازرێنەوە بۆ فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو، دەسەڵاتەکانیان روون بێت، ئەو کاتە دەتوانرێت یەکە ژمێریارییەکانیان چالاک بکرێت.
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد ئاماژەی بەوەدا، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کاتیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی پێکهاتە و دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان.
 
پەیامی ئەمریکا
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەت ئەمریکا، بەردەوام لە چوارچێوەی "یاداشتی لێکتێگەیشتن"ـەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هاوکار و راوێژکارن.
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد گوتی، "ئەمریکا هەمیشە بە ئێمە دەڵێن کە ئەمە [چاکسازی پێشمەرگە] تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ سەرکردایەتیی سیاسی کورد، کە بتوانن بەیەکەوە کار بکەن و هێزێکی پێشمەرگەی پتەوی سەردەمییانە دروست بکەن."
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دا، کە گەیشتن بەو ئامانجەی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانیی سەردەم، تەنیا لە رێگەی ئەوەوە دەبێت کە سەرکردایەتیی سیاسی کورد بتوانێت بەیەکەوە کار بکات بە هاوسەنگی و سازان، "ئەگەرنا یارمەتی و ئامادەیی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر نابێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.