رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سێشەممە مینحەی مانگانەی ئەو کوردە ئێزدییانە دابەش بکرێت کە لە دەست داعش رزگار کراون.
خەیری بۆزانی، سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مووچەکە وەکو مینحە مانگانە دابەش دەکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات".
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پارەکە هەموو ئەو خێزانە ئێزدییانە دەگرێتەوە کە لە دەست داعش رزگاریان بووە".
مستۆ گوتی، سێشەممە 04ـی ئەم مانگە مینحەکە دابەش دەکرێت، 3 هەزار و 500 خێزان لێی سوودمەند دەبن، هەر خێزانێکیش 150 هەزار دیناری دەدرێتێ.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش لە نووسینگەی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، سێ هەزار و 548 نێر و دوو هەزار و 869 مێ.
لە ئاماری نووسینگەکەدا هاتووە: "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 590 کەسن؛ هەزار و 211 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 76 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ