رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2023 قەدەخە دەکرێت و رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو دەدرێت.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێنماییەکە بۆ هەموو ساڵێکە و لە مانگی 11دا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیلێک قەدەخە دەکرێت.
میرانی گوتی: "لە ئێستا بەدواوە تەنیا مۆڵەت بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ساڵانی 2024، 2025 و 2026 دەدرێت بهێندرێتە هەرێمی کوردستان".
قەدەخەکردنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی 2023 لە رۆژی 01-11-2025ـەوە بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بە ژمارە 2700 لە 30-01-2020 دەرچووە، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل چەندین مەرجی بۆ دانراوە، کە گرنترینیان کوالێتی و تێپەڕینێتی بە کوالێتی کۆنترۆڵدا.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ئەمانەن:
- ژێر ئاوکەوتوو، سووتاو و بڕاوە نەبێ.
- شانسییەکەی نەبڕابێتەوە.
- تۆکمەی دەرگە یان بنمیچی بڕاوە نەبێ.
- گشت ئێیرباگەکانی پێش تۆمارکردن کاربکات.
- شانسییەکەی یان بنمیچەکەی لەحیم نەکرابێ.
- هەردوو ئێیەرباگی شۆفێر و تەنیشتەکەی کار بکات.
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک هاوردە دەکرێن دەبێت راپۆرتی (کار فاکس)یان بۆ بکرێ.
- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو وڵاتانەی هاوردە دەکرێت کە سیستمی کارفاکس پەیڕەو ناکرێت [چین ئەو سیستمە پەیڕەو ناکات] داوای راپۆرتی ئەو وڵاتە بکرێت کە کاری پێدەکرێت، دواتر لە دەروازەکان پشکنینی کوالێتی بۆ بکرێ.
- بڕوانامەی COC بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو دەبێت لەو وڵاتەی لێی هاوردەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان یان لە خاڵە سنوورییەکان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ