چوار ساڵە مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لە خەرجکردنی زۆرترین پارەی سپۆنسەردا یەکەمی عێراقە

02-11-2025
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوار ساڵە پەیجی 'مەکتەبی هەڵبژاردن' کە یەکێتی خاوەندارێتی دەکات، لە خەرجکردنی زۆرترین پارە بۆ پۆستی سیاسی یەکەمی هەموو عێراقە و زیاتر لە 101 هەزار دۆلاری خەرجکردووە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لەلایەن حیزبەکەیەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە رووداوی گوت، "بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەکێتی ئامادەکاریی نوێ و جیاوازی کردووە، بۆیە بەراورد بە رابردوو ئەمجارە ئامادەیی زیاترە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا".
 
روونیشیكردەوە، حیزبەکەی لەگەڵ ئەوەی پشت بە میدیای کلاسیک دەبەستێت، "ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک میدیای نوێ بەشێکە لە میدیای یەکێتی و بانگەشەی تێدا دەکات، بەڵام پابەندی بانگەشەیەکی ئارامە دوور لە زمانی زبر."
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتیی پلاتفۆڕمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسەپ دەکات، لە 25ـی ئابی 2021 بۆ 28ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، پەیجی 'مەکتەبی هەڵبژاردن' کە پەیجی فەرمیی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتییە، بایی 102 هەزار و 115 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە. 
 
سپۆنسەرەکان لەڕێگەی دوو هەژماری جیاوازەوە کراون، تەنیا یەک هەژمار بە بەهای 101 هەزار و 905 دۆلار سپۆنسەری پۆستی سیاسی کردووە و لە ئاستی عێراق تاوەکو ئێستا یەکەمە. 
 
مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستیکردەوە، پەیجەکە فەرمییە و مەکتەبی هەڵبژاردن خاوەندارێتی دەکات. 
 
هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار پشتڕاستیکردوونەتەوە، سپۆنسەرکردنەکان تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 خەرجکراوە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشدارییان کردبوو.
 
پەیجەکە لە 14ـی تەممووزی 2021 بە ناوی هاوپەیمانی کوردستان – تحالف کوردستان دروستکراوە، لە ماوەی سێ ساڵدا سێ جار ناوەکەی گۆڕدراوە و دواجار کراوەتە مەکتەبی هەڵبژاردن - Election Bureau.
 
لەم هەڵبژاردنەدا جارێکی دیکە پەیجەکە چالاکییەکانی دەستپێکردووەتەوە، لە 29ـی ئەیلوول بۆ 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، بایی هەزارو 65 دۆلار 17 پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش پێنج بابەتی پەیجەکە سپۆنسەرەکانیان بەردەوامە. 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، هەمان ئەو هەژمارەی لە ساڵی 2021 سپۆنسەری پۆستە سیاسییەکانی ئەو پەیجەی کردووە، بایی 21 هەزار و 672 دۆلار پۆستی سیاسی بۆ پەیجێکی دیکە کردووە بەناوی 'ئێمە یەکێتین' کە لە ساڵی 2018 دروستکراوە. 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو پارتی حکومڕانی هەرێمی کوردستان خاوەنی زۆرترین میدیای فەرمی و نافەرمین، هەر بۆیە سپۆنسەرکردنی پۆستە سیاسییەکانیان تەنیا لەسەر یەک پەیج هەژمار ناکرێت. 
 
دوو حیزبەکە لەگەڵ ئەوەی پۆستە سیاسییەکانیان لەسەر پەیجە فەرمییەکانیان بڵاو دەکەنەوە و بەشێکیان سپۆنسەر دەکەن، هاوکات لە چەندین پەیجی فەرمی و نافەرمی بابەتی دیکە بڵاودەکەنەوە و سپۆنسەر دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".