کۆمیسیۆن بۆ رووداو: رۆژی هەڵبژاردن هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان ئاسایی دەبێت

02-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رۆژی هەڵبژاردن هاتووچۆ لە نێوخۆ و نێوان پارێزگاکانی عێراق، ئاسایی دەبێت و قەدەخە ناکرێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن رۆژی 2-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ نابێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێت. هەروەها هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانیشدا نابێت."
 
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر زاری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ، سەرۆکی تیمی راگەیاندن روونیکردەوە، "ئەو گرتە ڤیدیۆییە کۆنە و پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەمجارەوە نییە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.
 
عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "وەزارەتی ناوخۆ بەشدار دەبێت لە پاراستنی 7 هەزار و 47 بنکەی دەنگدانی گشتی و 598ی دەنگدانی تایبەت."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو کارمەندانەی ئەرکە ئەمنییەکانیان لەنێو بنکەکانی دەنگدان دەبێت، ژمارەیان 9 هەزار و 932 ئەفسەرە، هەروەها 158 هەزار و 162 کارمەندی هێزی ئەمنی بەشدار دەبن لە پاراستنی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و کۆی پڕۆسەکە بە گشتی.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی دەنگدان دا، سەرجەم هێزەکانیان لە ئامادەیی (نمرە جیم) دا دەبن.
 
عەمید میقداد میری دڵنیایی دا لەوەی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەبێ گرفت تێدەپەڕێت و گوتی، "ئەوانەی کە دەگوترێن ناڕاستن، هیچ پێشێلکارییەکی ئەوتۆ لە ماوەی بانگەشەی دەنگداندا تۆمار نەکراوە کە گرفت بۆ پڕۆسەی دەنگدان دروست بکات."
 
لەبارەی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەکان ئاشکرای کرد، "لە مانگی رابردوودا بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە بەرزبوو، ئامانج لێی پشێوی بوو بۆ سەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەو مانگەدا 526 پڕوپاگەندەمان تۆمارکرد."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە