رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانانی شاری بانە لە 'هەڵمەتی زاگرۆسانە'ی ئەمساڵدا بۆ چاندنی دار چوونە چیاکانی دەوروبەری ئەو شارە بۆ ژیاندنەوەی سرووشتی شارەکە. سرووشتێک کە ساڵانە دەیان جار کێشەی بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئەمان خۆیان بە قەرزدار دەزانن بۆ خزمەتکردنی.
لە هەڵمەتی ئەمساڵدا، زیاتر لە 260 ژن و پیاو و منداڵ و بە تەمەن، بە بانگهێشتی ئەنجوومەنی پاژینی بانە، خۆبەخشانە بەشدارییان کردووە و سەدان لقە نەمامی قەزوان و بەڕوو لە چیاکان چێندران.
چالاکیی زاگرۆسانە لە ساڵی 2018وە لە هەموو ناوچەکانی زاگرۆس دەستیپێکردووە، ساڵانە لەم کاتانەدا لە هەموو پارێزگاکانی دەوروبەری زاگرۆسەوە بە بانگهێشتی ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکان و بەپێی کەشوهەوای زاگرۆس دەست بە چاندنی هەموو جۆرە دارێک دەکرێت.
ژینگەپارێزانی بانە دەڵێن، هەڵمەتی ئەمساڵیان هۆکارێکی دیکەشی هەیە، ئەویش زۆربوونی ئاگرکەوتنەوەیە لە دارستانەکانی ئەو شارە لە هاوینی ئەمساڵدا بووە کە رووبەرەکەی بە 500 هێکتار دەخەمڵێندرێت و وەکو مەترسییەکی دەزانن لەسەر ژینگە.
ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەدان هێکتار دارستان و لەوەڕگە بە هۆکاری جیاواز لەنێودەچن، رەنگه هەر ئەوەشە بووەتە هۆی زۆربوونی چالاکیی خۆبەخشانەی ژینگەدۆستان و پارێزەرانی سرووشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ