رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئاماری شەڕوپێکدادانەکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مانگی رابردوو 124 سەربازیان کوشتووە و چوار گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش دەڵێت، لەو مانگەدا و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی 49 گەریلا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە، لە تشرینی دووەمدا هێزەکانی سوپای تورکیا 140 جار بە فڕۆکەی جەنگی و 103 جاریش بە درۆن، پێگەکانی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە؛ هەروەها 124 جار چەکی کیمیایی و 133 جار بۆمبی قەدەخەکراویان بەکارهێناوە و لە ئەنجامدا چوار گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەی هەپەگەدا هاتووە، گەریلا 193 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 124 سەرباز کوژران و سەربازێکیش برینداربووە؛ باس لەوەشکراوە، 7 درۆن، 23 چادر، 6 کامێرای چاودێری، 20 رەبایە و دوو زریپۆشی سوپای تورکیایان تێکشکاندوون.
لە بەرامبەردا لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان، مانگی رابردوو 49 گەریلا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی زەکی ئاکتورک، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان 647 گەریلا گیانیان لەدەستداوە، دەستبەسەر 1391 دانە چەک و 780 هەزار و 57 گوللەدا گیراوە.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە تشرینی دووەمدا شەش سەربازیان لە رووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتیدەکاتەوە، سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا هیچ چەکێکی کیمیایی بەکاربهێنێت و دەشڵێت، ئەو بانگەشانەی پەکەکە "دوورن لە راستییەوە، بێ بنەمان و چەکی کیمیایی لەنێو چەکەکانماندا بوونی نییە."
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 647 گەریلا و کوژرانی 113 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 398 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ