رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێک لە سلێمانی لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، کرێکارەکە کارەبا گرتوویەتی و خەڵکی شارەکەیە.
رۆژی شەممە، 02-12-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاونیشتمانییەک کە سەرقاڵی تەختەبەستنی بنمیچی خانوو بووە، لەکاتی کارکردندا لە گەڕەکی کەنە شینە کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستداوە.
ئەو هاونیشتمانییە وەستای بەستنی تەختەی بنمیچ بووە. سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، لەدایکبووی 1997ـە و خەڵکی شاری سلێمانییە.
پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. گوتەبێژی پۆلیس گوتی، هەر کەسێک لە رووداوەکەدا کەمتەرخەم بووبێت، لێکۆڵینەوە لەگەڵدا دەکرێت.
هاوکات چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و سەرقاڵی بەدواداچوونی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییەن.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ، 30 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 24 کرێکاریش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەو رێککەوتە زۆرترین گیانلەداستدانی کرێکاران لە سلێمانی تۆمارکراوە کە 13 کرێکار بووە؛ لە ئیدارەی گەرمیان 8 کرێكار گیانیان لەدەستداوە؛ لە هەولێر 7 کرێکار، لە دهۆک 1 کرێکار و لە زاخۆش کرێکارێک گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە چەند ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ