رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، گەیشتووە بە 10 ملیۆن و 496 هەزار و 112 کەس.
لەو ژمارەیە، 6 ملیۆن و 519 هەزار و 129 کەسیان لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانن و 3 ملیۆن و 949 هەزار و 983 کەسیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی باشووری کوردستاندان و شوێنەکانی وەکو کەرکووک، خانەقین، پردێ، شنگال، مەخموور، خورماتوو و ژمارەیەک ناوچەی دیکە دەگرنەوە.
دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: دانیشتووانی پارێزگای هەولێر دوو ملیۆن و 517 هەزار و 534 کەس، سلێمانی و هەڵەبجە 2 ملیۆن و 401 هەزار و 724 کەس، دهۆک 1 ملیۆن و 599 هەزار و 871 کەس.
دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی پارێزگاکان: کەرکووک 2 ملیۆن و 34 هەزار و 627 کەس، خانەقین 260 هەزار و 907 کەسن.
نیوەی کفری لەسەر دیالە هەژمار کراوە 66 هەزار و 437 کەس، شارەبان 254 هەزار و 346 کەس، مەندەلی 49 هەزار و 348 کەس، تلکێف 406 هەزار و 732 کەس، حەمدانیە 249 هەزار و 732 کەس، مەخموور 212 هەزار و 357 کەس.
هەر بەپێی سەرژمێرییەکە، دانیشتووانی شنگال 201 هەزار و 2 کەسن، بەشێکی شێخان لەسەر نەینەوا هەژمار کراوە 69 هەزار و 279 کەس، خوورماتوو 147 هەزار و 216 کەس.
مانگی 11ـی ساڵی رابردوو سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، 26-11-2025 ئەنجامی کۆتایی بڵاوکرایەوە و راگەیێندرا، ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 46,118,793 کەس.
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ سەرژمێری لە باشووری کوردستان
- پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی (73/ فیدراڵی/2010) تایبەت بە سەرژمێریی دانیشتووان.
- لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تیمێکی هاوبەش لە هەرسێ نەتەوەی (عەرەب، کورد و تورکمان) کاری سەرژمێری دەکەن. کەسێکی کریستیانیش لە ناوچە زۆرینە کریستیاننشینەکان لە تیمەکە دەبێت.
- دەستەی ئامار و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، بەراوردی خشتەی داتای وەزارەتەکان لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری دەکەن لە: تۆماری وەزارەتی ناوخۆ، سەرژمێریی 1957 و نوێکردنەوەی. تۆماری وەزارەتی بازرگانی و داتای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران.
- ئەنجامی سەرژمێریی گشتی و داتاکانی تایبەت بە سەرژمێری لەگەڵ تۆمارە هاتووەکان لە بڕگەی سێ بەراورد دەکرێن. ئەو کارە لە پسپۆڕیی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەگوێرەی رێککەوتنی هاوبەش. لیستێکی تایبەت بەو ناوچانە رێکدەخرێت کە ئەنجامەکەی بەراوردکردنی داتاکانی تێدایە. وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان هەریەکەکان کۆپییەکی ئەو تۆمارەیان لادەبێت.
- پابەندبوون بە رێکخستنی خشتەی سەرژمێری لەبارەی ژمارەی کۆچپێکراوان و ئاوارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگاکانی دیکە بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
- تیمێکی تەکنیکیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ژووری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری دەبێت، بۆ ئاگاداری و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و دڵنیابوون لە سەلامەتیی رێکارەکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی، تاوەکو تەواوبوونی پرۆسەکە.
- پابەندبوونی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، کە دەستبەجێ خولی راهێنانی چڕ بۆ سەرژمێرکاران بکاتەوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە 20ی تشرینی دووەمی 2024دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ