زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە خەبات؛ بریندار کراوە؟

02-12-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دەستگیرکردنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە قەزای خەبات، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بریندار کراوە، مەڵبەندی حیزبەکە لە هەولێر دەڵێت، پاراستنی گیانی بەرپرسی کۆمیتەی خەبات لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانە. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: "بریندار نەبووە و سەلامەتە".
 
نێچیروان عیسا میرمسو، ناسراو بە نێچیروان هەرکی، لێپرسراوی کۆمیتەی قەزای خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، شەوی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیرکرا.
 
دوای دەستگیرکردنی نێچیروان عیسا، مەڵبەندی یەکێتی لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سەلامەتی گیانی هەڤاڵ نێچیروان هەرکی لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی پارتی دایە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەین".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە دەستی لە ئاڵۆزییەکان و پشێویدا هەبووە، ڤیدیۆمان لایە کە تۆمەتبارە بە دروستکردنی ئاڵۆزی و لەسەر ئەو بنەمایە دەستگیرکراوە".
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیەی گوایە لەکاتی دەستگیرکردنیدا تەقە لە نێچیروان عیسا کراوە و بریندار بووە، پارێزگاری هەولێر رەتیکردەوە و گوتی: "بریندار نەکراوە، دوای دروستکردنی ئاڵۆزی هەوڵی داوە هەڵبێت و لە رێگەی کەرکووک دەستگیرکراوە، تەندروستیی باشە و هیچ کێشەی نییە".
 
شەوی رابردوو لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی بەرپرسەکەی یەکێتی لە قەزای خەبات راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: "راپێچی بەردەم یاسا کراوە".
 
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە بێت، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی لە خەبات "خەڵکی هانداوە بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەکان".
 
لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی گوندی لاجانەوە ئومێد خۆشناو گوتی: "دۆخەکە تەواو ئاسایی بووەتەوە، خەڵک چوونەتەوە ماڵەکانیان و ژیانی ئاسایی بەڕێدەکەن".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

رێکخراوێکی ئەڵمانی بە 3000 یۆرۆ پاڵپشتیی جووتیاران و باخەوانانی هەرێمی کوردستان دەکات

رێکخراوێکی ئەڵمانیی داوا لە باخەوانان و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات، فۆڕمێک پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە پێدانی 3 هەزار یۆرۆ. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: "50 جووتیار و باخەوان و 20 رێکخراوی پشتیوانی لە جووتیاران پارەکەیان پێدەدرێت".