چارەنووسی دوایین سەرژمێری عێراق؛ 'رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکەن داوای سەرژمێرییەکی دیکە دەکەین'

02-12-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان
سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان پەردە لەسەر وردەکاریی ناکۆکییەکان و "یارییەکانی" بەغدا لە پرۆسەی سەرژمێریدا هەڵدەداتەوە و ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا داتای وردی سەرژمێرییان بەدەستنەگەیشتووە و چیرۆکی ئەو "زەرفانە" دەگێڕێتەوە کە بەغدا بەپەلە داوای لێکردوون نەیکەنەوە و بیگەڕێننەوە.
 
سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو هۆشداری دەدات، ئەگەر بەغدا پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبێت کە لەبارەی ناوچە کوردستانییەکان و بەراوردکاریی سەرژمێریی 1957 کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ئەنجامەکان رەتدەکاتەوە و "داوای ئەنجامدانەوەی سەرژمێری دەکات". هاوکات باس لە چارەنووسی بودجە و شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەرژمێری دەکات، کە بەغدا ناردنیانی دواخستووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەی رووداو لەگەڵ سیروان محەممەد:
 
رووداو: کۆمەڵێک داتام باسکرد، با بەو پرسیارەوە دەست پێبکەم کە ئێوە دەڵێن ئەنجامەکان رەت دەکەینەوە (ئەنجامی کۆتایی). بۆچی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی بەو شێوازەی کە راگەیەندراوە رەتیدەکاتەوە؟
 
سیروان محەممەد: هۆی یەکەم ئەوەیە کە راگەیاندنەکە بەبێ ئەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ راگەیاندنەکە، خودی راگەیاندنەکە کرا. هەموو ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر هەبووە دەبوایە پێكەوە ئێمە ئەو راگەیاندنەمان بکردایە.
 
هۆی دووەم، ئەوەیە کە ئێمە نەمانگوتووە رەتی دەکەینەوە، گوتومانە ئەگەر ئەم خاڵانە جێبەجێ نەکران و دەستکاری ئەنجامەکان کرا بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێمان گەیشتووە پێشتر، ئەو کاتە ئێمە هەڵوێستی ئەوەمان دەبێت کە رەتی دەکەینەوە و داواش دەکەین کە سەرژمێرییەکە دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی روویانداوە راست بکرێتەوە. ئەمە دوو هۆی سەرەکین بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ئامادەبوونی جەنابی وەزیر ئەم بابەتەمان باسکرد.
رووداو: رێککەوتنی پێشوو لەبارەی سەرژمێرییەکە چی بوو و چی جێبەجێ نەکرا؟
 
سیروان محەممەد: خودی ئەم سەرژمێرییە هەر لە سەرەتاوە تا رادەیەک بە ناڕوونی دەستیپێکرد. لە 2019ـەوە ئامادەیی بۆ کرا، دواتر وەزیر گۆڕا لە بەغدا و ئامادەکارییەکان دەستیپێکرد. لە سەرەتای 2019ـەوە تا رۆژی ئامادەکاری بۆ سەرژمێری کە بچنە مەیدان، ئێمە گوتمان دوو خاڵی سەرەکی هەیە دەبێت زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت:
خاڵی یەکەم: شێوازی جێبەجێکردنی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان.
خاڵی دووەم: وەرگرتنەوەی داتاکانی سەرژمێری لە هەمان کاتی ئەنجامدانی سەرژمێری لە مەیدان، چونکە بە ئەلیکترۆنی بوو.
 
ئەم دوو خاڵە دواخران. لەلایەن بەغداوە دواخران بە ئەنقەست، تاوەکو گەیشتە قۆناخێک لە مانگی 9ی 2024 کە دەبووایە بڕیارێک لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، لەبارەی ئەوەی یان دەچینە نێو سەرژمێری یان نا.
 
رووداو: واتە کاتەکەیان بۆ کەمکردنەوە تاوەکو نەتوانن بیر بکەنەوە؟
 
سیروان محەممەد: زۆر، 25-9 ئێمە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، ئەندامانی کوتلەی وەزاریی پارتی و یەكیتی کە پەیوەندیدارن بە سەرژمێری، سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا کە گفتوگۆ بکرێت لەگەڵ بەغدا. تاوەکو 30-10 کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە بوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق (محەممەد شیاع سودانی) رەزامەندی دا لەسەر کۆی خاڵەکان بە دەستکارییەوە. هەردوو خاڵەکە بە لای ئێمەوە گرنگ بوو، جگە لە بودجەکە.
 
رووداو: ئەم خاڵانەش بڕیاری لەسەر درا؟
 
سیروان محەممەد: ئینجا ئێستا دێمە سەر ئەو خاڵانەش. 5-11 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو، خۆی 20-11 دەبوو سەرژمێری بێت، بڕیاریان لەسەر چەند خاڵێک دا، بە دڵمان نەبوو، یاریی تێدا کرابوو لەنێو وشەکان، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانمان ئاگادار کردەوە، جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بەپەلەی لە 7/11 نارد بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی هەفتەی دواتری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 12-11 بوو، بڕیاریان دا لەسەر جێگیرکردنی ئەو خاڵانەی کە لە نووسراوەکەی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئاماژەی پێدرابوو. واتە ئێمە 8 رۆژمان مابوو بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی سەرژمێری (20/11)، لەو نێوانەدا ئامادەکارییەکانمان کرد و توانیمان سەرژمێرییەکە جێبەجێ بکەین.
 
رووداو: بۆچی وەزیری پلاندانانی عێراق بەبێ ئەوەی ئێوە ئاگادار بکاتەوە، ئەو راگەیاندنەی کرد؟ ئایا خەبەرێکی وا نەبوو کە رێککەوتن و ئەمانە هەیە؟ بۆچی ئێوە ئاگادار نەبوون؟
 
سیروان محەممەد: با من هەنگاوێک بگەڕێمەوە دواوە. لە 30/11/2024 یەکەم نووسراومان نارد بۆ بەغدا و وتمان سەرژمێرییەکە تەواو، ئێمە دەست بە قۆناخی تر دەکەین، کەی دەست پێبکەین بە لێکبەستنەوەی داتاکانی هەردوو سەرژمێرییەکەی 57 و 24؟ داتاکان کەی وەردەگرین؟ داتاسەنتەر نەمانتوانی دابمەزرێنین لەبەر نەناردنی بودجە و دواخستنی داواکارییەکانمان.
 
لە 30/11ی پارەوە (واتە ساڵێک لەمەوبەر) ئێمە زیاد لە 12 نووسراوی فەرمی، کۆمەڵێکیان بە ئیمزای خۆمە و کۆمەڵێکیان بە ئیمزای جەنابی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمە، 4 جار چوومەتە بەغدا، پێنجەمیان لە 9-9 بوو، 2 جار لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق دانیشتووم، 2 جار لەگەڵ لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی عێراقی دانیشتووم بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی لێکبەستنەوەی داتاکان و لیژنەی تایبەتمان دروست کردووە. هیچکام لەوانەیان جێبەجێ نەکرد!

 

رووداو: هۆکاری جێبەجێ نەکردنەکەی چی بوو؟
 
سیروان محەممەد: خۆدزینەوە بوو لە بڕیارەکان.
 
رووداو: هیچ پاساویان هەبوو بۆ ئەمە؟
 
سیروان محەممەد: بۆ بابەتی بودجەکە دەیانوت وەزارەتی دارایی عێراق نامان داتێ، وتم ئەی چۆن 500 ملیارتان وەرگرتووە و داویەتی بە ئێوە، بۆ 30 ملیار و 830 ملیۆنەکەی ئێمە داوامن کردووە ناینێرن؟ ئەوەی ئێمە داوامان کردبوو رەزامەندی لەسەر درابوو، ئەمە بەرپرسیارێتی ئێوەیە دەبێت ئێوە جێبەجێی بکەن.
 
خاڵێکی تر لێکبەستنەوەی داتاکانە، ئێمە تا رادەیەک دەمانزانی ئەوانە لەگەڵ ئەو پڕۆسەیە نین. بەڵام گوتمان با ئەو گومانە بڕەوێ، بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەو مەترسییانەی پێش ئەنجامدانی سەرژمێری خستبوومانە روو لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستان، ئێستا زوربەی روویانداوە.

 

رووداو: پرسیارێکم هەیە لەسەر بودجەکە، وا بزانم بڕیاربوو بژمێرەکان (کارمەندانی سەرژمێری) دوو کرێ وەربگرن بۆ دوو مانگ، بەڵام یەک دانەیان وەرگرت. هی ئەوانیش فەوتا؟
 
سیروان محەممەد: نەخێر، هی بژمێرەکان جیاوازە لەوەی هەرێمی کوردستان. ئەو بودجەیەی کە من باسی دەکەم (13 ملیار و 830) ئەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەستە و وەزارەتی پلاندانانە. هی بژمێرەکان راستەوخۆ لە بەغداوە خەرج دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری هەموو عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە ژمارەیان زۆر بوو لەسەر ئاستی پارێزگاکان، نەمان هێنا بە مەرکەزی لە دەستەوە بیکەن، دەسەڵاتمان دا بە بەڕێوەبەرایەتییەکان خۆیان لیستەکان ئامادە بکەن و بینێرن بۆ بەغدا دوای ئەوەی کە وێنەیەکی بە ئێمەش ئاگامان لێ بێت بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە. گرێبەست کرابوو بۆ ماوەی دوو مانگ لەگەڵ بژمێرەکان هاوشێوەی عێراق، ئەوان زووتر گرێبەستەکانیان کردبوو، چونکە زووتر ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردبوو. ئێمە لەبەرئەوەی بڕیاردانمان دواکەوت.. چونکە ئێمە لە 3-11 بڕیارماندا بچینە نێو سەرژمێری.
رووداو: بەڵام خولەکانیان بینی؟
 
سیروان محەممەد: پارەی خولەکانیان وەرگرتووە بە تەواوی، پارەی خولەکانیان وەرگرتووە و ئەوانەی کە بەشدارییان کردووە بە رۆژ بۆیان هەژمار کراوە، پارەی هاتووچۆیان بۆ هەژمار کراوە. پارەی مانگ و نیوێکیشیان وەرگرتووە چونکە لە 15/12/2024 گرێبەستەکانیان بە فەرمانێکی کارگێڕی هەڵوەشێنراوەتەوە لەسەر داواکاری بەغدا چونکە وتیان کاری مەیدانی تەواو بووە.
 
رووداو: مانگێکیان وەرگرت یان مانگ و نیوێک؟
 
سیروان محەممەد: پارەی مانگی 11 و نیوەی مانگی 12شیان وەرگرتووە، هەموویان.
 
رووداو: بەڵام گلەییان هەیە دەڵێن پارەی نیو مانگمان فەوتاوە؟
 
سیروان محەممەد: نەفەوتاوە، خۆیان وا هەست دەکەن، چونکە گرێبەستەکە دوو مانگ بووە. بەڵام لە گرێبەستەکەش هەیە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە لەلایەنی یەکەمە، کە لە 15-12 گرێبەستەکانیان تەواو بووە و هەڵوەسێنراوەتەوە، بەهۆی تەواوبوونی کاری مەیدانی.
 
رووداو: کاک سیروان، خاڵێکی سەرنجی منی راکێشا، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێن هەستمان دەکرد نیەتێک هەیە، بەڵام وتمان با هەر بیکەین بۆ ئەوەی کە لەلای ئێمەوە هیچ نەبێت، دواتر هەستەکەمان راست دەرچوو. ئەم رستەیە لە زۆر شتدا دووبارە دەبێتەوە لەلایەن کوردەوە بەرامبەر بە عێراق و بەرامبەر بە حکومەتەکانی عێراق. بۆچی کورد هەموو جارێ دەکەوێتە ئەم تەڵەوە، نوکتەیەک هەیە دەڵێت جارێک کابرایەک لەسەر رێگەیەک توێکڵێکی مۆز دەبینێت، بەسەریدا دەڕوات و دەکەوێت، رۆژی دواتر لەسەر هەمان رێگە توێکڵێکی دیکەی مۆز دەبینێت، کابرا دەڵێت وەرە تاقەتی کەوتنێکی دیکەت هەبێت، بۆچی کورد یدەزانێت دەکەوێت و دەڵێ هەر بڕیار بدا بکەوێت؟
 
سیروان محەممەد: من ئەوەی حاڵەتەکانی تر نازانم، ئەوە بابەتێکی سیاسییە.
 
رووداو: لە بوجە، لە سەرژمێری، لە یاساکانی دیکە هەمان شت دەگوترێت..
 
سیروان محەممەد: ئێمە تێنەپەڕیوین لەسەرمان. لە وەزارەتی پلاندانان ئێمە لە سەرەتاوە ئەو خاڵەمان روونکردۆتەوە هەم بۆ بەغدا هەم بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران. ئەوەی ئێمە ئەمزانین، گومانەکەمان وا بوو کە ئەوان نەیانەوێت ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بکەن. بەڵام خۆ تەنها بابەتی لێکبەستنەوەی داتاکان نییە، هەموویان جێبەجێ نەکرد. بەڵکو بابەتی 57 و 24ـیش، بڵێین ئەمە تۆزێک هەستیارە و ئەوانیش هەستی پێ دەکەن و دژایەتیی دەکەن، بەڵام بۆ پارە نانێرن؟ بۆ داتامان بۆ نانێرن؟
 
سەرژمێری خۆی خودی خۆی، سەرژمێرییەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەسکەوتێکە بۆ ئەوەی تۆ قەبارەی راستەقینەی خۆت بزانێت، چونکە خۆمان جێبەجێمان کرد. ئەمە دەستکەوتێک بوو یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان سەرژمێرییەک ئەنجام بدرێت.
 
بڕیارەکە بەو شێوازە بوو کە ئێمە هاوشێوەی عێراق سەرژمێرییەکە جێبەجێ بکەین. ئەوەی ئێمە زانیبوومان پێشتر (یان گومانمان هەبوو) کە عێراق تا حەدی بڕیاری دابوو بەبێ هەرێمی کوردستانیش سەرژمێرییەکە بکات، ئەو کاتە مەترسییەکە لەسەر هەرێمی کوردستان رەنگە زیاتر بووایە، چونکە تۆ ئەو کاتە عێراق ئەیوت من سەرژمێرییەکەم کردووە، ئێوە ژمارەی خۆتان وەک خۆی ئەمێنێتەوە و هیچ بودجەیەکتان بۆ زیاد ناکرێت، بابەتی تریش دێتە سەری بۆ سەرژمێری لە ئایندە، جگە لە بابەتی بودجە و رێژە و ئەمانە، بابەتی دیاریکردنی کورسییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمانی فیدڕاڵ و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئایندە، ئەگەر هاتوو پەیڕەو کرا ژمارەکانی ئەم سەرژمێرییە.
 
رووداو: ئەم سەرژمێرییە کە ئەنجامی کۆتاییەکەی راگەیەندرا، کەی کاری پێ دەکرێت؟ لە کەیەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ئیتر هەردوو حکومەتەکە دەڵێن بەپێی سەرژمێری ئەوەمان دەوێت و ئەوەمان هەیە؟
 
سیروان محەممەد: ئێستا مادام بەغدا رایگەیاند ئەو ژمارانە و رێژانەی کە رایگەیاندووە، ئیتر لە دانوستاندنی دروستبوونی حکومەتی تازە ئیتر ئەم خاڵە دەبێتە خاڵێکی سەرەکی لە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. یەک شتی دیکە هەیە ئەوەی کە پەیوەندیی بە پرسیارەکەی تۆوە هەیە، ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان داتاکانمان بەدەست نەگەیشتووە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان داتاکانمان بەدەست نەگەیشتووە. لە عێراق ناردوویانە بۆ پارێزتاکەن. ئەوە هەڵەیەکی زۆری سەیریان کردبوو کە بووە کێشە لە نێوان وەزیر وسەرۆکی دەستەی ئامار. تیمێکمان هەبوو هی دەستەی ئاماری هەرێم لە بەغدا بوون بۆ بەشداریکردن لە وۆرک شۆپێک، نوسراوەکانیان پێدرا هەفتەی رابردوو، وتیان ئەمە نوسراوی فەرمییە، بەس مەیکەنەوە تا ئەگەنە لای بریکاری وەزارەت، لای سیروان لەوێ بیکاتەوە. هی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرابووە ناو زەرفەکان و درابوو. کە گەیشتن ئەو تیمە بۆ هەولێر گەڕانەوە، بەرێوەبەرێکی گشتی لە دەستەی ئاماری عێراق تەلەفۆنی کردبوو، بوی وتوو "زەحمەت نەبێت زەرفەکان مەکەنەوە، لەبەرئەوەی هەڵەی تێدایە و با سیروان نەزانێت".

 

رووداو: هەڵەکە چی بوو؟
 
سیروان محەممەد: هەڵەکە ئەوە بوو سەرۆکی دەستەی ئامار خۆی ئیمزای کردبوو بۆ پارێزگاکانی ناردبوو، ئەوە وەزیری پلاندانان پێی زانیبوو هی فیدڕاڵ، تووڕە بووبوو لەو خاڵە. خاڵەکەی تر لە نووسراوەکە بۆ پارێزگاکان نێرابوو کە چی لە نێوەرۆکی نووسراوەکە هەر بۆ بەغدا نوسرابوو. واتە ئەنجامەکانی بەغدایان نووسیبوو لە نووسراوەکە و خۆی ئەنجامەکان هی پارێزگاکانی خۆی بوو، تەواو بوو ئەوە.
 
هەڵەکە ئەوەبوو لە نووسراوەکە نووسراوە ئەنجامەکە هی بەغدایە، بەڵام ناوەڕؤک هی پارێزگاکان بوو. ئێمە بینیمان ئەو نووسراو و ئەوانە و پێمان وتن. ئێوە مەبەستتان چییە لە گەڕاندنەوەی نووسراوەکان؟
 
رووداو: واتە وەکو پارێزگا مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردبوو؟
 
سیروان محەممەد: جگە لەوە، گوتوویانە دەبێت بەپەلە بیگەڕێنینەوە، یەکێکیان ناردین بۆ هەولێر ئەوانەمان دایەوە چونکە هەڵەی تێدایە. ئەمە جۆرەها گومان دروست دەکات لەلای تۆ، بۆچی وا دەکەن؟ ئێستا نە گومانمان لە پرۆسەکە، ئێستا گومانمان لە شێوازی بەڕێوەبردنی جێبەجێکردنی شیکردنەوەی داتاکانیش دەبێت.
 
رووداو: دەشێ گۆڕانکاریی تێدا کرابێت؟
 
سیروان محەممەد: کۆمپانیایەکی بیانی هاتووە کارەکەی بۆ کردوون، کە پێیان دەڵێین با ئێمەش لەگەڵتان بین. دەڵێن ئێمە نازانین، با کۆمپانیاکە پێتان بڵێت. چۆن دەبێت تۆ داهاتووی وڵاتێک بدەیتە دەست سێ چوار کۆمپانیای بیانی.
 
رووداو: کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆپی داتاکانی بە فەرمی پێ نەگەیشتووە؟

 

سیروان محەممەد: ئەنجامەکانمان بەدەست گەیشتووە، نەک داتاکان.

 

رووداو: ئیدی داتا هیچی لای ئێوە نییە؟
 
سیروان محەممەد: نەخێر.
 
ناشزانن کە ئاخۆ گۆڕانکاریی تێدا کراوە یان نا؟
 
سیروان محەممەد: بۆ ئەم جاڵە، ئێمە بڕیارێکی دیکە دەدەین و ناهێڵین بەسەریاندا تێپەڕ ببێت. تیمێکمان هەیە دەجێت لەگەڵیان دادەنیشێت، چەندە پێویست بکات، لەگەڵیان دەبێت، تاوەکو تەواوبوونی. چۆن داتاکان داخڵ کراون و ئەو بابەتانە.

 

رووداو: ئەم تیمە کەی دەچێت؟
 
سیروان محەممەد: هەنگاوێک هەیە کە ئێستا نامەوێت هەموو شتێک بڵێم تا پێش رووداوەکان نەکەوین. ئەو کۆنگرەیەی کە رۆژی پێنجشەممە کرا لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێتی ئەنجامەکەی قسەکانی جەنابی وەزیرن لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
رووداو: بەغدا نەجووڵاوە؟
 
سیروان محەممەد: وەزارەتی پلاندانان هەست دەکات هەڵەی کردووە.
 
رووداو: هیچ پەیوەندییان بە ئێوە نەکردووە؟
 
سیروان محەممەد: هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان نەکردووە بە ئێمەوە.
 
رووداو؛ کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوشاری هەیە؟
 
سیروان محەممەد: گوشارێکی زۆر هەیە لەسەر ئەم بابەتە لەناو هەرێمی کوردستان، و داواشمان کردووە کە وەکو وەزارەتی پلاندانان لە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئەم خاڵە دەبێتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆ.
 
رووداو: چ کاریگەرییەکی ئیداری و سیاسی بەجێ دەهێڵێت بەتایبەتی لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان ئەم سەرژمێرییەی ئەمجارە؟
 
سیروان محەممەد: ئەو خاڵە ئەوەی ئێمە داوامان کردبوو بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە (کە پێی دەوترێت ناوچە جێناکۆکەکان)، بۆ ئایندە بوو، بۆ ئێستا نەبوو. واتە ئێمە لەبەر ئەوەی سەرژمێرییەکانی پێشوو زۆر بە سیاسی کراوە، دەمانویست ئەمجارەیان دڵنیاییەک وەربگرین کە لە ئایندە هەر حکومەتێکی تازەی عێراق بێت، چونکە لە عێراق هەموو شتێک ئەگەری هەیە، عێراق وڵاتی قەزا و قەدەرە... وای لێ دێت ئەنجامەکانی سەرژمێری بەکاربێت بۆ چەسپاندنی ئەو واقعەی کە ئێستا لەو ناوچانە هەیە.
بۆیە داوامان کرد ئەو موقاتەعەیە بکرێت، ئەو لێکبەستنەوەی داتایە بکرێت. کۆپییەک بۆ خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە. ئەوانەی دوای 1957 هاتوونەتە ئەو ناوچانە. ئەمە کۆپییەک لە بەغدا دەمایەوە، کۆپییەک لە هەولێر ئەمایەوە. ئەوە بەکار نەدەهات بۆ هیچ مەبەستێک، بۆ هیچ بابەتێک، بۆ هیچ پلانێک، ئەوە بۆ ئایندەیە ئەگەر هاتوو حکومەتێک لە عێراق بیەوێت ئەم ئەنجامە بەکاربهێنێت، ئێمە بڵێین ئەو دۆکیومێنتەمان لەلایە. ئەو دۆکیومێنتە دەڵێت ئەنجامی سەرژمێری 24 بەکارنایەت بۆ چەسپاندن، ماددەیەکی دەستووری هەیە کە پێی دەوترێت ماددەی 140.
 
رووداو: باشە، وتتان کە راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکەتان رەت کردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا داتاتان بۆ نەهاتووە. بە فەرمی ئەگەر ئەمە روو نەدات، هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆی سەرژمێرییەکە رەت دەکاتەوە؟ ئەنجامی سەرژمێرییەکە بەو شێوازە رەتدەکەنەوە؟
 
سیروان محەممەد: وەزارەتی پلاندانان ئەو کاتە بە رای من دەبێت داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەم جۆرە بڕیارانە بدرێت. ئێمە وەزارەتی پلاندانان خاڵەکان دەخاتە روو، ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران ئەو کاتە بڕیاری پێویست دەدەن. چونکە ئەمە بڕیارێکی وا ئاسان نییە کە تۆ بیدەیت لە وەزارەتێکەوە کە بڵێی رەتی دەکەیتەوە، دەبێت لەسەر بنەمایەک بێت، بنەماکانیشمان بۆ دیار بێت و هەروەها هیچ ئیستجابەیەکی کۆتا وەڵام لە بەغداوە وەربگرین کە وتیان ئێمە هیچتان بۆ جێبەجێ ناکەین لەو خاڵانەی کە باستان کردووە، ئەو کاتە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەڕاستی دەبێت هەڵوێستێکی تووندی هەبێت بەرامبەر عێراق لەو روانگەیەوە، چونکە ئەمە زۆر لە خاڵەکانی تر لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق گرنگترە، ئەمە ئایندەی هەرێمی کوردستانە، زۆر شت بەو سەرژمێرییەوە دەبەسترێت.
 
رووداو: بەرلەوەی حکومەتی نوێی عێراق پێکبێت، دەبێت ئەمە یکلابکرێتەوە راستە؟

 

سیروان محەممەد: بەڵێ.
 
رووداو: لە رووی یاساییەوە، جێبەجێ نەکردنی مەرجی بەراوردکردنی سەرژمێری 57 بە 24، چ کاریگەرییەکی لەسەر مادەی 140 دەبێت؟
 
سیروان محەممەد: بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی هەیە، لە 2010 دەرچووە، دەڵێت، ئەنجامی سەرژمێری کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەیکات، پەیوەندیی بە خاڵەکانی مادەی 140 ـەوە نییە، هەندێک بڕیاری دیکەش هەن. کە ئەنجامی سەرژمێری تەنیا دەبێت بۆ گەشەپێدان بێت، هەر ئەوەیە کە باسمان کردووە. ئەگینا ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرایە پێشتر، ئێمە نەدەچووینە وردەکاری، باسمان کردووە چەند جارێک. لە وەزیرەوە بیگرە تا بەرێوەبەرە گشتییەکانیان، تەنانەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران ئەم خاڵەمان وروژاند، من لەوێ هەر باسم کرد بەوشێوەیە.
 
رووداو: باسی سەرۆککۆمارت کرد، ئەرکی سەرۆککۆمار لە ئێستادا چییە بەرامبەر ئەم بابەتە؟
 
سیروان محەممەد: ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئێمە وروژاندوومانەتەوە ئێستا لەگەڵ بەغدا. پێمان وایە کە جەنابی سەرۆککۆمار دەبێت رۆڵی خۆی ببینێت لەم بوارەدا. بە حوکمی ئەوەی هەم کوردە، هەمیش سەرۆککۆمار بەپێی دەستوور دەبێت دەستوور بپارێزێت. ئێستا ئەو مەترسییانەی کە هاتوونەتە پێش، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دەستوور لە ئایندەدا، بە بۆچوونی ئێمە بۆیە داوامان کردووە و داواش دەکەین کە سەرۆککۆمار، نەک داوا لە ئیعلام (میدیا)، ئێمە بە فەرمیش رەنگە بچینە سەر هێڵ لەگەڵ سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی ئەو کارە بۆمان ئەنجام بدات.
 
رووداو: ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەم سەرژمێرییە پەسەند نەکات، بە فەرمی پێی رازی نەبێت، چی روودەدات؟
 
سیروان محەممەد: دوو رێگا هەیە لە بەرامبەر عێراق لەو حاڵەتە، بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ ئا بڵێین. حاڵەتی ئەوەیە کە ئێمە داوای سەرژمێرییەکی دیکە دەکەین بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە بە راست و دروستی دەست پێبکات نەک بەو شێوازەی کە بەڕێوەچوو.
 
حاڵەتەکەی دووەم هەرێمی کوردستان خۆی هەوڵ با کارێک بۆ خۆی بکا کە بەرامبەر عێراق، ژمارەی راست و دروستی لەلا بێت.بە ناوچە جیناکۆکەکانیشەوە.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای قەرەبوو بکاتەوە بۆ ئەو بودجەیەی کە پێی نەدراوە یان لێی بڕاوە بەپێی سەرژمێری؟
 
سیروان محەممەد: دەبێت هەر وەری بگرین. ئەزانی ئەمە ئەوە نییە کە ئێمە بڵێین هەوڵ ئەدەین و وەری نایەین، دەبێت وەری بگرین. لەبەرئەوەی فەرمانبەرانی دەستەی ئامار، فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەکانی ئامار شایستەی داراییان هەیە کە لە گیرفانی خۆیان سەرفیان کردووە و وەریان نەگرتووە تا ئێستا. جگە لە ئەرک و ماندووبوونیان لەم پرۆسەیە کە توانیان لە ماوەی دوو هەفتە ئامادەکاری بکەن بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێری، کەمتر لە دوو هەفتە. راهێنان بە بژمێرەکان بکرێت و بژمێرەکان بچنە مەیدان. ئەمە دەبێت وەربگیرێت، ئەمە شتێک نییە کە ئێمە بڵێین هەوڵ ئەدەین. پارەی تریش هەیە بۆ پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار، هەر وەری ئەگرین، ئەوان هەرچەندە نکۆڵی بکەن و ئێمە هەر دوای ئەو بابەتە کەوتووین و ناهێڵین بمرێت و دواشی کەوتووین و دەبێت هەرش وەری بگرین.
 
رووداو: شتێکم باسکرد لێرە بەپێی ئەوەی کە ئێستا راگەیەندراوە بەبێ ناوچە کوردستانییە هاوبەشەکان، هەرێمی کوردستان (14.136%)ـە وابزانم، لە کۆی گشتی عێراق. بەڵام بەپێی ئەو ناوچە هاوبەشانە ئەگەر بکرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان دەبێت بە (15.5%) و هەندێک زیاتریش. ئێستا کار بە کامەیان دەکرێت؟ و چۆن کار بۆ ئەوە دەکرێت 15.5ـەکە بێت بەتایبەتی ئەمە لە بودجەدا؟
 
سیروان محەممەد: خاڵی سەرەکی ئێمە وەک وەزارەتی پلاندانان بەرامبەر وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەوەیە کە ئێمە نامانەوێت سنوورە ئیدارییەکان دەستکاری بکرێت. ئەو ناوچانەی لە روانگەی عێراقەوە هێشتا سەر بە پارێزگای نەینەوان لەبەر ئەوەی سنوورەکان وەک خۆیان ماونەتەوە وەک سەنتەری قەزای شێخان، ناحیەی زێلکان، ناحیەی فایدە، مەخموور بە تەواوەتی. ئەمانە ئێمە نامانەوێت، بەڵام چونکە حکومەتی هەرێم پارەی لەسەر خەرج دەکات و پڕۆژەی تیا جێبەجێ دەکات و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و تەنانەت بەشێکی زۆری موچەکەش لەوێ دێت. ئێمە پێویستە ئەوانە لە چوارچێوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هەژمار بکەین بۆ کاروباری پلاندانان و پەرەپێدان، نەک بۆ کاروباری سیاسی. ئەوە هێشتا ئەو بابەتە بەغدا قبووڵی ناکات، وا دەزانێت کە ئێمە بۆ ئەمانەوێت سنوری ئیداری یان کارگێڕی بگۆڕین، کە خۆشیان دەزانن وا نییە. بەڵام ئەوە وایە روونە، بابەتی مووچە، بودجە بۆ نانێرن، نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ماف و شایستەکانی خۆی وەربگرێت لە هیچ حاڵەتێکدا تا بتوانن ئەوان نایەڵن.
 
رووداو: زۆر سوپاس کاک سیروان محەممەد بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، سوپاس کە ئامادەبووی.
 
سیروان محەممەد: سوپاس بۆ ئێوە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە