رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی، رەزامەندیی لەسەر پێدانی قەرز بە بێکاران بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گشتی و چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری و وزەدا.
رۆژی سێشەممە، 2-12-2025 ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، کۆبووەوە و دەستپێشخەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو بۆ پێدانی قەرز بەو کەسە بێکارانەی کە ناویان لە وەزارەتەکە تۆمارکراوە، پەسندکرا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاری دا بە دابەشکردنی 3150 دۆنم زەوی لە سەربازگەی شەهید ویسام لە بەسرە بەسەر کارمەندانی وەزارەتی بەرگری دا.
بڕیارەکانی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق:
- پەسندکردنی گرێبەستی دروستکردنی وێستگەی گەرمیی موسەییب لە بابل، درێژکردنەوەی گرێبەستەکانی دابینکردنی کارەبا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 و دامەزراندنی پڕۆژەی وزە لە کێڵگەکانی گەیارە و نەجمە لە نەینەوا.
- بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری بەسرە- شەلامچە و زیادکردنی پێشینە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار.
- گۆڕینی سیستمی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نیشتەجێبوون لە کاخەزەوە بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی.
- چارەسەرکردنی کێشەی ئەو بەڵگەنامانەی لە سەردەمی ژێر دەستی داعش دا لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەدین ونبوون.
- رەزامەندیی درا لەسەر تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی وەستاو، زیادکردنی یەدەگ و تێچووی گشتی لە پارێزگاکانی بەسرە، کەرکووک، کەربەلا، موسەننا و ئەنبار.
ئەو پڕۆژانەی رەزامەندییان لەسەر دراوە:
- کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە بەسرە.
- پردی گورگەچاڵ لە کەرکووک.
- پڕۆژەیەکی گەیاندنی سووتەمەنی.
- باڵەخانەیەک لە کەربەلا.
- وێستگەیەکی ئاو لە موسەننا.
- پڕۆژەیەکی ئاو لە ئەنبار.
- تەواوکردنی بەشێک لە پڕۆژەی گەورەی ئاوی بەسرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ