وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوبەشانی دەکات لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی پارەدانەوە پارەی کارەبا بدەن

02-12-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی دەتوانن لەڕێگەی ئەپێکی تایبەتەوە پارەی کارەبا بدەن، پلان دانراوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو کارەبای 24 کاژێری بگاتە هەموو ناوچەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە .

رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی شەش مانگە تیمی رووناکی بە هاوکاری لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کاریان کردووە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە رێگەی دیجیتاڵییەوە پارەی کارەبا بدەن، بەڵام ئێستا ئەو پڕۆسەیە چالاک کراوە و دەتوانن لەو رێگەیەوە پارەی کارەبا بدەن."
 
بە گوێرەی ئەو نامەیەی پڕۆژەی رووناکی بۆ هاوبەشانی کارەبای ناردووە، هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی یەکێک لە ئەپلیکەیشنەکانی  AsiaPay، NassWallet، FastPay، FIB، یاخود Cihan Bank پارەی کارەبا بدەن.
 
ئەو خزمەتگوزارییە تەنیا بۆ سوودمەندبووانی پڕۆژەی رووناکییە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "موەلیدەکان ناگرێتەوە، هاوبەشان کۆدێکیان هەیە لەسەر پسووڵەی پڕۆژەی رووناکی، ئەو کۆدە تۆمار دەکەن و پێیان دەڵێت ئەم مانگە چەندیان بۆ هاتووەتەوە و دەتوانن پارەکە بدەن."
 
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، ئەم پڕۆسەیە بۆ وەزارەتی کارەباش "زۆر باشە و زۆرترین داهات کۆدەبێتەوە، چونکە تەنیا لە کاتی دەوام پارە نادرێت، بەڵکو خەڵک دەتوانن لە ماڵەوەش لە شەوانیشدا پارەی کارەبا بدەن".
 
بڕیار بوو پارەدانی دیجیتاڵی بۆ کارەبا لە 01-8-2025ـەوە چالاک بێت، بەڵام چەند مانگێک دواکەوتی و کێشەی تەکنیکی هەبوو.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی دا، کارەبای 24 کاژێریی بۆ زیاتر لە 4ملیۆن و 500 هەزار کەس کە دەکاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 131 هەزار هاوبەش دابین کردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 115 هەزار موڵکی بازرگانی و نزیکەی چوار ملیۆن و 300 هەزار هاونیشتمانی لە زیاتر لە 350 گەڕەک لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون، زیاتر لە 3 هەزار و 200 موەلیدەی گەڕەکەکان بە یەکجاری کوژێنراونەتەوە.
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی "رووناکی"ـی راگەیاند. لە مانگی ئایاری 2024ـیش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسندکرد.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."