سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسند دەکات بۆ ناردنی غازی ماڵان

02-12-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق داوایەکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان پەسند دەکات بۆ ناردنی 760 تۆن غازی ماڵان رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان . 
 
رۆژی 27ی مانگی رابردوو ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە نووسراوێک لە رێگەی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوای لە وەزیری نەوتی عێراق کرد کە 760 تۆن غازی ماڵان بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان ( 300 تۆن بۆ سلێمانی ، 260 تۆن بۆ هەولێر ، 200 تۆن بۆ دهۆک ) تاوەکو بەگەڕخستنەوەی کێڵگەی کۆرمۆر . 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە رۆژی 29ی مانگی رابردوو رەزامەندی دایە وەزیری نەوتی عێراق کە ئەو داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات .
 
رۆژی 29ی مانگ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند: "کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، داوای 760  تۆن گازی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کرد بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان."
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە کرد: "ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی پێداویستیی هاووڵاتییانە تا ئەو کاتەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست بە بەرهەمهێنانی گازی ماڵان دەکرێتەوە."
  
هەمان رۆژ عادل کەریم، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناردنی ئەو بڕە گازە لەسەر داوای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانە."
 
شەوی چوارشەممە 26-11-2025، نزیکەی کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە.
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی گازە بۆ کارەبای هەرێمی کوردستان. لە دوای هێرشی سەر کێڵگەکە، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەمبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.